11 کۆمپانیای ئەمەریکی لە بواری وزە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن 

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

هەولێر و واشنتن پەیوەندییەکی پتەوی بارزرگانییان هەیە و، لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 18 كۆمپانیای ئەمەریكی لە كەرتی وزە و بواری وەبەرهێناندا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. 

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەنیا لە بواری سەربازی و سیاسی نین، بەڵكوو پەیوەندییەكی بازرگانی بەهێزیش لەنێوان واشنتن و هەولێردا هەیە.

لە چوارچێوەی ژووری بازرگانی ئەمەریكی كوردستان و ئەنجوومەنی كاری ئەمەریكی عێراقیدا؛ دەیان كۆمپانیای ئەمەریكی و كوردستان كۆبوونەتەوە و لە بوارە جیاوازەكاندا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.

11 كۆمپانیای ئەمەریکی لە كەرتی وزەدا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن. لە بواری وەبەرهێنانیش ئەمەریكییەكان 7 پرۆژەی وەبەرهێنانیان هەیە و قەبارەی وەبەرهێنانیان نزیكەی نیو ملیار دۆلارە.

پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسی ژووری بازرگانی ئەمەریكی و ئەنجوومەنی كاری عێراقی ئەمەریكی رایگەیاندووە: پێشوازی لە وەبەرهێنانی كوالێتی بەرزی ئەمەریكی دەكەین و كۆمپانیاكان رۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان.

جێگری وەزیری وزەی ئەمەریكاش لە هەمان كۆنفرانس ئاماژەی بەوە دا، "پەرۆشین بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان. چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و ئاسانكارییەكان جێگەی خۆشحاڵین و دەستخۆشی لە هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەكەم".

ئەمەریکا وەبەرهێنان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەر بۆیە دروستکردنی گەورەترین کونسوڵگەری جیهان لە هەرێمی کوردستان نیشانەی کاری پێکەوەیی و متمانەی ئەمەریکایە بەو هەرێمە لە داهاتوودا.

چاودێران باس لەوە دەکەن، هەبوونی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئەمەریکا بەناوچەکە و مانەوەی بۆ ماوەیەکی دووردرێژ لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سەلماندوویەتی هاوبەشێکی جێ متمانەی ئەمەریکایە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.