وەزیری پەروەردە: بەگوژمەی زیاتر لە دووملیار دینار سێ قوتابخانەی 12 پۆلی لە هەولێر دروست دەکرێت

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەردی بناغەی سێ قوتابخانەی 12 پۆلی لە شاوێس و کەسنەزان و مامزاوە لەسەر بودجەی (UNHCR) دائەنرێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 26-2-2024، بەردی بناغەی سێ قوتابخانەی 12 پۆلی لە شاوێس و کەسنەزان و مامزاوە دائەنرێت، کە بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی (UNHCR) دروست دەکرێت.

وەزیری پەرەوەردە ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشدار بوون لە کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران سەردانی ژنێڤمان کرد، پێیان خۆشبوو ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی تێکەڵ کردنی قوتابیانی پەنابەر لەگەڵ قوتابیانی خانەخوێ بەش بکەین. بەتایبەت ئەو سیاسەتە لەکابینەی نۆیەم لەدای ساڵی 2022 جێبەجێکراوە.

دەشڵێت: خستنە رووی ئەو ئەزموونەی کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە، بووە مایەی خۆشحاڵی هەموو ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە و ئەوانەی گرنگیان بەخوێندنی پەنابەران داوە.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: ئەو پڕۆژەیە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش بەردەوامی دەبێت، راشیگەیاند، (UNHCR) جگە لەوەی چەندین ژووری دیکەی دروستکردووە و هەروەها چەندین قوتابخانەشی نۆژەن کردووەتەوە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی دیکەش لەبەرنامەدایە، بەردی بناغەی دوو قوتابخانە لەدهۆک و قوتابخانەیەکیش لەسلێمانی لەسەر بودجەی (UNHCR) دائەنرێت.