هانز فلیک ئامادەیە ببێتە راهێنەری بارسێلۆنا

هانز فلیک
هانز فلیک

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەدوای راهێنەرێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوو لە شوێنی چاڤی هێرناندێز راهێنەرایەتی یانە کەتەلۆنییەکە بکات.

چاڤی هێرناندێز بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە بڕیاریدا لە کۆتایی ئەم وەرزە دەستبەرداری ئەرکی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا ببێت، ئێستاش هانز فلیک راهێنەری پێشووی بایرن میونشن یەکێکە لە بەربژێرە دیارەکان بۆ شوێنگرتنەوەی چاڤی هێرناندێز.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، هانز فلیک لەرێگەی پینی زاهاڤی بەڕێوەبەری کارەکانی خۆی پێشکەشی بارسێلۆنا کردووە.

هێما بۆ ئەوەش کراوە بارسێلۆنا و لاپۆرتا سەرسامن بە هانز فلیک، بەڵام نایانەوێت پەلە بکەن لە بڕیاری دیاریکردنی راهێنەری نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی چاڤی.

بەپێی سەرچاوەکان، پینی زاهاڤی لە دوایین یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر خیتافی لەگەڵ خوان لاپۆرتا لە یاریگە ئامادە بوو، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان بارسێلۆنا و بەڕێوەبەری کارەکانی هانز فلیک.

جگە لە هانز فلیک، ئێستا هەریەکە لە رۆبێرتۆ دی زێربی و تۆماس توخێل بەهەمان شێوە بەربژێرن بۆ راهێنەرایەتی بارسێلۆنا.