ئەمەریكا هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی دەزانێت

سەربازێکی ئەمەریکی و ژمارەیەک پێشمەرگە (وێنە: ئەرشیف)
سەربازێکی ئەمەریکی و ژمارەیەک پێشمەرگە (وێنە: ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەمەریكا هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی دەزانێت، هەربۆیەش بەشێکی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکردوون.

ئەمەریكا  بەردەوام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و لەسەر داوای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنکەی سەربازی لە چەندین وڵاتی ناوچەکە کردووەتەوە و هێزی جێگیرکردووە.

بەشێوەیەکی فراوان جێگیربوونی هێزەکانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی کەنداو لە مانگی ئابی 1990. ئەو کات ئەمەریكا نزیکەی 700 هەزار سەربازی لە کەنداو جێگیرکردن و بەشدارییان لە جەنگەکەدا کرد. نزیکەی 300 سەربازی ئەمەریکیش لەو جەنگەدا کوژران.

ژمارەی هێزەکانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵ دوای ساڵ گۆرانکاری بەسەردا هاتووە. ئێستا هێزەکانی ئەمەریكا  لە ناوچەکە 51 هەزار و 902 سەرباز و راوێژکارن.

سەربازەکانی ئەمەریکا بەم شێوەیە بەسەر وڵاتانی ناوچەکە دابەشبوون: عێراق، 2500 راوێژکار کە بەشێکیشیان لە هەرێمی کوردستانن، تورکیا 1700 سەرباز، سووریا 900، ئوردن 3000،  کوەیت 10 هەزار، سعوودییە 2000، بەحرەین 4700، قەتەر 10 هەزار، ئیمارات 5 هەزار، کەنداو 500، دەریای عەرەب هەزار و دەریای ناوەڕاستیش 6 هەزار سەرباز.

جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چەند مەبەستێکە، لەوانەش، بۆ هاوکاریکردنی سوپای وڵاتی خانەخوێ، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریكا لە ناوچەکە، پشتیوانیکردن و پاراستنی هێزەکانی ئەمەریكا  و رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ، بەتایبەتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

ئەمەریکا وەبەرهێنان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەر بۆیە دروستکردنی گەورەترین کونسوڵگەری جیهان لە هەرێمی کوردستان نیشانەی کاری پێکەوەیی و متمانەی ئەمەریکایە بەو هەرێمە لە داهاتوودا.

چاودێران باس لەوە دەکەن، هەبوونی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئەمەریکا بەناوچەکە و مانەوەی بۆ ماوەیەکی دووردرێژ لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سەلماندوویەتی هاوبەشێکی جێ متمانەی ئەمەریکایە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.