ئەمەریکا بەردەوام پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان کردووە

ئاڵای ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان
ئاڵای ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەمەریكا بەردەوام بە گرنگییەوە سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش. سەرکردەکانی ئەو وڵاتە هەمیشە بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی کوردستان دەکەن و بە هاوبەش و هاوپەیمانێکی ستراتیژی وڵاتەکەیان دەزانن.

هەمیشە کوردستان هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریكا بووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لە چەندین پرسدا بە گرنگییەوە باسیان لە رۆڵی کورد لە ناوچەکە و جیهان کردووە.

یەکێک لە گرنگترین هەڵوێستی سەرکردەکانی ئەمەریكا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری بوو لە داڤۆس لە 16ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ؛ کاتێک جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "کوشتنی خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکەین و پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەین."

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس ئاماژەی بەوەدا، " ئەمەریكا و سەرۆک بایدن، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی رژد وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەدەن."

لە بەرامبەر کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بودجە و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆشکی سپی چەندینجار هەڵوێستی خۆی ئاشکراکردووە و لە دوایین هەڵوێستیدا، دووپاتیکردەوە، "دەبێت بەغدا و هەولێر کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، حکومەتی فیدراڵ بەگوێرەی دەستوور شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئەمەریكا   لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدایە تاوەکو هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە" .

لەڕووی سەربازیشەوە ئەمەریكا وەک هاوبەش و هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی خۆی، سەیری هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کردووە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، ئەمەریكا لە ساڵی 2014 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

 وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكاش لە ساڵی 2016، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد بە مەبەستی، هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش، دواتر لە مانگی ئەیلولی 2022 پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. ئەمەریكا پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتەکە دووپاتکردەوە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریكاش، مانگی ئاداری 2023 لە هەولێر ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند، "پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، پێکەوە توانیمان 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش ئازاد بکەین".