سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا كۆدەبێتەوه‌

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا رایگەیاند، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوە ئەمه‌ریكا بۆ كاروباری ئاسایشی مەدەنی، دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ كۆدەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا خشتەی كار و كۆبوونەوەكانی 26ـی شوباتی، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكای ئاشكرا كردووە.

كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كه‌مێك پێش ئێستا به‌ڕێوه‌چوو.

دواتر و هەر لە وەزارەتی دەرەوە، كاتژمێر 11 و 45 خولەك بەكاتی واشنتن و كاتژمێر 7 و 45 خولەك بە كاتی هەولێر، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ عوزرا زەیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكا بۆ كاروباری ئاسایشی مەدەنی، دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ كۆدەبێتەوە.

پێشتریش پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن رایگەیاندبوو، لەمیانی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن کۆبوونەوە.

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بە بانگهێشتێكی فەرمی حكومەتی ئەمه‌ریكا لە واشنتنە و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیكەی ئیدارەی ئەمه‌ریكا كۆببێتەوە.