محه‌ممه‌د شه‌ریف: سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا نیشاندانی پابه‌ندی واشنتنه‌ به پاراستنی هه‌رێمی كوردستان

محه‌ممه‌د شه‌ریف پسپۆری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
محه‌ممه‌د شه‌ریف پسپۆری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

پسپۆرێكی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌مه‌ریكا په‌یامه‌ بۆ به‌غدا، تاران و وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵدا.

محه‌ممه‌د شه‌ریف پسپۆری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێم وایه‌ سه‌رۆكوه‌زیران زیاتر داوا و جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌بیندرێت ئێران له‌ رێگه‌ی مووشه‌كبارانكردن هه‌رێمی كوردستانی بێزار كردووه‌، بۆیه‌ بوونی سیسته‌می به‌رگری شتێكی گرنگه‌ و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له‌ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو زۆر به‌ روونی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ سیسته‌می به‌رگری بۆ هه‌رێم دابین بكرێت.

ئه‌و پسپۆره‌ راشیگه‌یاند، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی كورد له‌ نێوخۆدا ناكۆكن، كه‌ كاریگه‌ری بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

ئه‌مڕۆ 26ـی شوباتی 2024 پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لەمیانه‌ی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن کۆبوونەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنتۆنی بلینکن بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راگەیاندووە، لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین و هاوشانی هەرێمی کوردستان لە ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە دەوەستینەوە.