وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: پشتیوانی لە حكومەتێكی خۆراگر لە هەرێمی كوردستان دەکەین

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە گرنگییەوە باس لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات و دەقی قسەکانیان بڵاودەکاتەوە.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڵاودەکاتەوە و بە گرنگییەوە باس لە کۆبوونەوەکە دەکات.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، ئەمەریكا پەیوەندییەكی دوور و درێژی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و ئەمەریکا پشتیوانی لە حكومەتێكی خۆراگر لە هەرێمی كوردستان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  باسی لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكای بۆ خەڵكی كوردستان کرد.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لە سێ کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ هەر یەک لە باربارا ليف، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى نزيك، عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و جیۆفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبووەوە.

دەقی قسەکانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی:

"زۆر سوپاس بەرێز وەزیری دەرەوە، سوپاس بۆ بانگهێشت كردنم و خۆشحاڵم جارێكی دیكە دەگەرێمەوە واشنتن. بەتایبەتی خۆشحاڵم بە بینینی جەنابتان. بەدڵنیایەوە ئێمە هاوبەشی یەكترین و بەشانازییەوە ئێمە دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی ئەمەریكاین. پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەراندوون. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری و پێزانینیمان دەردەبرین هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ خەڵكی كوردستان. ئاڵنگاری نوێ هەن لە ناوچەكە و چاوم لەوەیە لە گفتوگۆكانماندا باسی بەرەوپێشچوونەكان بكەین لە ناوچەكە و عێراق و بەتایبەتیش باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانمان لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمەریكا بكەین."

دەقی قسەکانی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا:

"جێگای خۆشحاڵییەكی زۆرە پێشوازی لە بەرێز سەرۆكوەزیران بكەم لێرە. چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش كۆبوونەوەمان هەبوو، بەڵام زۆر خۆشحاڵم ئەمرۆ لێرە لە واشنتن و لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ تیمەكەم پێشوازیت لێدەكەین. ئەمەریكا پەیوەندییەكی دوور و درێژی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە. پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و مێژوویەكی هاوبەش لە قوربانیدان بنیادنراوە. ئەمە شتێكە ئێمە زۆر بەرژدی وەریدەگرین و وەك خۆم بابەتێكە دەمێكە كاری لەسەر دەكەم و زۆر گرنگە بەلامەوە. پشتیوانی ئێمە بۆ حكومەتێكی خۆراگر لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە 360 پلەیە لەگەڵ عێراق هەمانە. ئەم دەرفەتەی ئەمرۆ بۆئەوەی جارێكی دیكە جەخت و پابەندی خۆمان دووپات بكەینەوە لەسەر ئەو هاوكاری و هاوبەشییە و ئەو كارەی پێكەوە ئەنجامی دەدەین زۆر گرنگە و لەكاتی خۆیدایە. لە زۆر رووەوە ئەم پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێوە لەناوچەكە ناوازەیە جارێكی دیكە بەگرنگییەوە هەڵیدەسەنگێنین. حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ سەقامگیری لەناوچەكە و ژینگەیەكی تەندروستی بۆ كەرتی تایبەت و لەناویشیاندا وەبەرهێنانی ئەمریكی، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە. پێكەوە لە چەند قۆناغێكدا پێكەوە بووین شانبەشانی یەكتر لە دۆخە زۆر سەختەكاندا ئەم قۆناغەش بەهانشێوە ئاڵنگاری و سەختی تێدایە، بەڵام گرنگە پێكەوە بتوانین ئەم سەختیانەش تێپەرێنین. لەكۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێم، بۆ ئێمە گرنگە و پێموایە بۆ سەركەوتنی دۆست و هاویەیمانەكانیشمان گرنگە ئەویش یەكگرتوویی ناوماڵی كوردە، دڵنیابینەوە لەوەی هەمووان، چونكە بەرژەوەندی هاوبەشە هەمووان پێكەوە كار دەكەن. چاوم لەوەیە باسی ئەوەش بكەین. جارێكی دیكە بەرێز سەرۆكوەزیران بەخێربێیت و زۆر خۆشحاڵم لێرە پێشوازیتان لێدەكەم."

راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا