شرۆڤەکارێکی سیاسی: سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمەریکا نامەیەکی زۆر گرنگە بۆ عێراق و ناوچەکە

K24- هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، لەم ساتەوەخت و بارودۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر گرنگە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، د. نازدار سەجادی، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بۆ ئەمەریکا، لەم ساتەوەخت و بارودۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر گرنگە، چونکە هەموو ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا رودەدات، کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

سەجادی ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت لەم کاتەدا بۆ ئەمەریکا، نامەیەکی زۆر گرنگە ئاراستەیە بۆ عێراق و ناوچەکە، ئەویش هاوپەیمانی لەگەڵ کورد و کوردستان بەردەوامە، هەروەها ئەو نامەیە ئەوە دەگەیێنێت کە ئەمەریکا جێ پەنجەی لەوناوچەیە هەیە".

سەجادی راشیگەیاند، "ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە، ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت بگاتە ئەو ئاستەی لە ئەمەریکا بانگهێشت بکرێت و ئەو خەم ئازارەی ئەو میللەتە لە چوارچێوەیەکی ناوخۆیی بباتە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی، ئەوە بە دەستکەوتێکی گەورە دائەنرێت".

باسی لەوەشکرد، پەیامەکەی ئەمەریکا ئەوە بۆ کورد ئەگەیێنێت، کە "تۆ بەتەنیا نیت" واتە من لەگەڵتام، چونکە زۆر شتی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە، بۆیە پەیامەکە ئەڕوات بۆ دەورووبەر.

دەشڵێت: پەیامەکە تەنیا بۆ ناو عێراق نییە بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێشە، کە زۆرجار دەڵێن دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدەن، بەڵام ئەو قەوارەیە دەستووریە بەئەوان تێکناچێت، چونکە بەوانیش دانەنراوە، بەڵام مەبەستی ئەوان لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، گوتیشی: ئێستا بێت یان چەند ساڵێکی دیکە عێراق بەرەوە هەرێمی ئەڕوات، رەنگە ببێتە سێ هەرێم ئەگەر زیاتریش نەبێت.