سەردار ئیسماعیل: پرۆژەیەكی وەرزشی باش بۆ كوردستان بەڕێوەیە

سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان. 27 شوباتی 2024. هەولێر. فۆتۆ: دەرباز ئەحمەد
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان. 27 شوباتی 2024. هەولێر. فۆتۆ: دەرباز ئەحمەد

سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كار بۆ یاسایەكی وەرزشی دەكەن، دەشڵێت: ئۆباڵی نەبوونی یاسای وەرزشی لە كوردستان دەخەمە ئەستۆی لێژنەی ئۆڵمپی كوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27 شوباتی 2024، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەوان كار بۆ سڕینەوەی لێژنەی ئۆڵمپی ناكەن، بەڵكو مەبەستی ئەوان پشتگیریكردنیانە.
سەردار ئیسماعیل دەشڵێت: لێژنەی ئۆڵمپی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە، ئێمە مەبەستمان سڕینەوەی ئەوان نییە، بەڵام دەبێت هەڵبژاردن بۆ ئەوان بكرێت و چالاك بكرێنەوە، چونكە ئەوان لە 2006ـەوە دەستبەكاربوونە نەیانتوانیوە كوردستان بكەنە خاوەنی یاسایەكی وەرزشی، بۆیە ئۆباڵی نەبوونی یاسایەكی وەرزشی لە كوردستان دەخەمە ئەستۆی ئەو برادەرانەی لێژنەی ئۆڵمپی كوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد برادەرانی لێژنەی ئۆڵمپی لە هەڵبژاردنەكان دەترسێن، دەشڵێت: ئەوان بە هەڵە لە كارەكانی ئێمە تێگەیشتوون، ئێمە لەڕووی هونەرییەوە دەستێوەردان لە كارەكانیان ناكەین، بەڵام كار بۆ رێكخستنەوەیان دەكەین و دەبێـت هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی ببنە شەڕعی.
سەردار ئیسماعیل لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: نابێت ئەو یاسایانەی لێژنەی ئۆڵمپی باسی دەكەن دژ بە یاسایەكانی حكوومەتی ناوەندی عێراق بێت، چونكە ئەوكات هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ئەو یاسایانەی لە دوای 2003 لە ناوەند دەرچوو بێت، ئەگەر لە كوردستان بەدیل و شوێنگرەوەمان نەبێت، ناچارین پەیڕەوی بكەین، من سەردانی لێژنەی ئۆڵمپی كوردستانم كردووە و پێشنیارم بۆ كردوون، بەڵام وەڵامیان نەداومەوە.
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش هێمای بۆ ئەوەش كرد سەردەمانێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لوتكەی بەهێزی دابوو كەچی بەداخەوە برادەرانی لێژنەی ئۆڵمپی نەیانتوانی سوود لەو ئەزموون و سەردەمە وەربگرن و یەك زیاد بخەنە سەر وەرزشی كوردستان، تەنانەت پەیوەندی باش لەگەڵ حكومەتی ناوەند دروست بكەن.
سەردار ئیسماعیل جەختی لەوەش كردەوە پڕۆژەیەكی باشیان لەبەردەستە بە مەبەستی رێكخستنەوەی یانە وەرزشییەكان، گوتیشی: ئێمە یانەكان فێر دەكەین بە كردار چالاكییە وەرزشییەكان بكەن، نەك بەشێوەیەكی كاتی و بە هێنانی یاریزانان لە دەرەوە، بەڵكو دەبێت پێش هەموو شتێك ژێرخانی وەرزشییان هەبێت، ئەوكات ئێمەش بەپێی پلەبەندی هاوكاری داراییان دەكەین.

 

.

 

.

 

.