گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: پڕۆژەی "هەژماری من" زۆر لە سیستەمە بانکییەکەی حکومەتی عێراق پێشکەوتووترە

هەژماری من
هەژماری من

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی "هەژماری من" کە ماوەی ساڵێکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندراوە، زۆر لە سیستەمە بانکییەکەی حکومەتی عێراق پێشکەوتووترە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27-02-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووە. ئەو هەژمارە بانکییە بۆ زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر دروستکراوە، بەتایبەت لە هەولێر هەژماری بانکی بۆ زۆرینەی مووچەخۆران دروستکراوە. ئێستا پڕۆژەکە خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی کرد، "پڕۆژەی 'هەژماری من' لەرووی پێشکەوتنەوە زۆر لە سیستەمی بانکی حکومەتی عێراق پێشکەوتووترە. ئەوان کارتێکی (کی کارد) دەدەنە مووچەخۆرانیان بۆ ئەوەی تەنها لە رێگەیەوە بتوانن مووچەکەیان وەربگرن، بەڵام ئەو کەسانەی دەبنە خاوەنی 'هەژماری من' دەتوانن حەواڵە بکەن، قەرز وەربگرن، لە دەرەوە پارە رابکێشن و بە ئۆنڵاین کاڵا و شتومەک بکڕن".

بە گوتەی هونەر جەمال، "خەڵک هەیە ساڵی رابردوو (هەژماری من)ـی کردووەتە هەر لەناو ئەو بانکەی هەژمارەکەی کردووەتەوە کۆمەڵێک ئۆفەر و خزمەتگوزاری پێشکەشکراوە. بۆ نموونە بە قەرز پارەی دراوەتێ، لە دەرەوە شتی پێ کڕیوە و توانیویەتی بە نرخێکی هەرزانتر کاڵا و شتومەک بکڕێت لەرێگەی هەژمارە بانکییەکەیەوە کە ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کردووە".

دوێنێ دووشەممە، 26-02-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. وەزیری دارایی رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە (مانگی شوبات – دوو) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو لیستە دابەش دەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو پێویستە هەژماری بانکی لە ماوەی مانگێکدا بۆ هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دروستبکرێت، ئەگەر نا مووچە نانێرن.

هونەر جەمال ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆسەی 'هەژماری من' کێشە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دروست ناکات، چونکە ئەو بانکانەی هەرێمی کوردستان کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە و هەموویان بە رەزامەندی ئەو بانکە بەشدارییان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە".

حکومەتی عێراق، وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی کرد، "لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە؛ هەشت ساڵە 20 بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟ بەداخەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران پەیامی بەغدا دەگەیەنن لە دژی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ئەو كێشانەی لە عێراق هەیە".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە. هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێخییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".