وەزارەتی دارایی: لە 2019ـەوە تەنها سەدا 22.7ـی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا و لەوەتەی کابینەی نۆیەم دەستبەکاربووە، حکومەتی عێراق تەنها سەدا 22.7ـی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27-02-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تاوەکو ئێستا، سێ ساڵ یاسای بودجەی فیدراڵی هەبووە، دوو ساڵیش بەپێی یاساکانی دیکە. پێویست بوو لەو پێنج ساڵەدا 59 تریلیۆن و 29 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام حکومەتی عێراق لەو پێنج ساڵەدا تەنها 13 تریلیۆن و 401 ملیار دیناری ناردووە کە بەشێکی زۆری بە شێوەی قەرز بووە. واتا لە پێنج ساڵی رابردوو تەنها سەدا 22.7ـی شایستە داراییەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی وەرگرتووە".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا بەردەوام ویستوویانە هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە. بەردەوام بیانووی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە. هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێخییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".

هونەر جەمال لەبارەی ژمارەی مووچەخۆری خانەنشین لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زیاتر لە دوو ملیۆن و 706 هەزار کەس لە عێراق مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، لە کاتێکدا ئێمە 245 هەزارمان هەیە کە دەکاتە سەدا 9ـی ژمارەی خانەنشینانی عێراق".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، "گەندەڵییەکی زۆر لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراقدا هەیە. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق خۆی رایگەیاندووە، حەوت ملیۆن و 400 هەزار کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن کە بەشێکی زۆریان پەرلەمانتار و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش نازانن لیستەکەیان چۆنە. زیاتر لە 150 هەزار کەس مووچەی وەهمیان هەیە. عێراق خۆی سەدان کێشەی هەیە کەچی دێت کێشە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان زەق دەکاتەوە و بەبیانووی ئەوە مووچەی فەرمانبەران هەموو مانگێک دوادەخات".