ئالنگارییەکان هەرێمی کوردستانیان لە بەرەوپێشچوون رانەگرتووە

ئالنگارییەکان هەرێمی کوردستانیان لە پەرەوپێشچوون رانەگرتووە
ئالنگارییەکان هەرێمی کوردستانیان لە پەرەوپێشچوون رانەگرتووە

K24 - هەولێر

هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بەردەوام، لەڕووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە فشارێکی زۆری لەسەرە و چەندین جاریش لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هێرشی کراوەتەسەر و سەروەریی پێشێلکراوە، بەڵام بەردەوام بە بەهێزی ماوەتەوە و زاڵ بووە بەسەر کێشەکاندا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بازرانی، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە حکومەتێکی "خۆڕاگر" ناوبرد.

ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی، جیهان ئاگادارە لەوەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو فشار و هەڕەشە و هێرشانەی لەسەریەتی، بەڵام بەردەوام خۆڕاگربووە و هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت.

لە چەند ساڵی رابردوو چەندینجار دژایەتی هەرێمی کوردستان کراوە و سەروەریی پێشێلکراوە، لەوانەش، لە 13ی ئاداری 2022 ئێران بە 12 مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر هەولێر، لە 4ی تشرینی یەکەمی 2022 دادگەی فیدراڵی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری دانا.

لە 25ی کانوونی دووەمی 2023ـش دادگەی فیدراڵی رایگەیاند، رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی یاسا و ماددەکانی دەستوورە. 25ی ئاداری 2023ش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا راگیرا. 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر هەولێر و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. لە دوایین هەوڵ بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، دادگەی فیدراڵی 21ی شوباتی ئەمساڵ 11 کورسی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندنەوە و کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ 100 کورسی کەمکردنەوە.

تەواوی ئەم دژایەتی و رێگرییانە هەرێمی کوردستانیان لە پەرەوپێشچوون رانەگرتووە، ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنجیی وڵاتان، ئەنتۆنی بلینکنیش ستایشی خۆڕاگری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی لە ناوچەکەن، بەڵام هێشتا پێشکەوتن بەردەوامە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتیکردەوە، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری نوێ بووەتەوە، ئێستاش بەرەو ئاسۆیەکی نوێ و بەهێزی ئابووری و سەقامگیری لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا دەڕوانن.