ترێنت فرانکس: هەرێمی کوردستان بەردەوام ئازایەتی خۆی نیشانداوە و خۆی نەچەماندووە

ترێنت فرانکس، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ئەمەریکا
ترێنت فرانکس، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێسی ئەمەریکا، دەڵێت: کورد سەلماندوویەتی کە دۆستی راستەقینەی ئەمەریکایە و، نابێت ئەمەریکا کورد لەدەستبدات، هەروەها دەبێت گووشاری زیاتر لە سوودانی بکرێت بۆ ئەوەی رێگەبدات هەرێمی کوردستان دووبارە نەوتەکەی هەناردە بکاتەوە.

ترێنت فرانکس، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 بە ژینۆ محەممەدی راگەیاند، "پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی سەربەخۆی کوردستان بووم، ئەو کاتی کە کورد دژی داعش دەجەنگا من لەکۆنگرێس بووم و داوامکرد بە راستەوخۆ هاوکاری سەربازی بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان".

ئەو ئەندامەی پێشووی کۆنگرێس دەڵێت: کورد ئازایەتی و قارەمانێتی خۆی نیشانی هەموو جیهاندا و داعشیان تێکشکاند، کورد توانییان پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەمەریکا دروستبکەن، هەروەها دەبێت رێگە بە کوردەکان بدرێت نەوتەکەیان هەناردە بکەنەوە بۆ ئەوەی وەک نەتەوەیەک بتوانن سوود لە داهاتەکەی وەربگرن.

ترێنت فرانکس، ئاشکرایکرد، "ئێران بەردەوام کێشەیە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانیان کێشە بۆ ئێمە و هاوپەیمانانمان دروست دەکەن".

ئەو ئەندامەی پێشووی کۆنگرێس، روونیکردەوە، کورد ئازایەتی زۆری نیشانداوە و خۆی نەچەماندووە سەلماندوویەتی کە دۆستی راستەقینەی ئەمەریکایە و، پێویستە هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بکرێت، " 100% پشتیوانی گەلی کورد و دۆزی رەوای گەلی کوردم".

ناوبراو داوا لە ئیدارەی بایدن دەکات زۆر گرنگی بە کورد بدات، وەک خۆشی ئاماژەی پیدەکات، کورد دۆستێکی نزیکی ئەمەریکایە و نابێت ئەمەریکا کورد لەدەست بدات. هاوکات دەشڵێت: دەبێت ئەو سیاسەتەی کە کورد هەیەتی زیاتر ببرێتە پێشەوە.

ترێنت فرانکس، گوتی:کاتێک سوودانی دێتە واشنتن دەبێت گوشاری لێبکرێت بۆ ئەوەی رێگەبدات هەرێمی کوردستان دووبارە نەوتەکەی هەناردە بکاتەوە.

گوتیشی: ئیدارەکانی ئۆباما، ترەمپ و بایدن وەک پێویست هاوکاری کوردییان نەکردووە، هەورەها "دەبێت چاکەی کورد لەبەر چاو بگیرێت، چونکە هەر کورد و پێشمەرگە بوون داعشیان تێکشکاند".

ئەو ئەندامەی پێشووی کۆنگرێس، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، خەڵکی ئەمەریکا پێزانینی بۆ کورد هەیە.