محەممەد شوکری: پرۆسەی تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەستپێدەکات

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و لە هەفتەی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت و راشیگەیاند، هەموو ئەو پرۆژانەی 60%ـی کارەکانیان تەواوبووە، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان تاپۆ دەکرێن.

رۆژی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەسەر راسپاردەو رێنمایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆسەی بەناوکردن (تاپۆکردن)ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئامانجیشمان لەم پرۆسەیە دروستکردنی دڵنیاییە بۆ خەڵک لە مامەڵە داراییەکانی کەرتی خانووبەرە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە دڵنیایی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات کە سەنەدی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە شوقە و خانوو وەردەگرن و مامەڵەی گرێبەستەکانیش لەدوای پرۆسەی خاوەنداریەتیکردن لەژێر چاودێری حکومەت و فەرمانگەی باجدا دەبێت.

هاوکات سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی بۆ ئاسانکردنی مامەڵەکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر رێکاری نوێی پرۆسەی تاپۆکردن و لە هەفتەی داهاتووەوە دەچێتە وای جێبەجێکردنەوە.