بەرگریی شارستانیی هەولێر: 166 دووکان لە بازاڕی لەنگە سووتاون

دیمەنێکی ئاگرەکە
دیمەنێکی ئاگرەکە

K24 - هەولێر

بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی لەنگە، 166 دووکان سووتاون و 90 کەسیش تەندروستییان تێکچووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-02-2024، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی لەنگە، 166 دووکان سووتاون و زیان بە چەند دووکانێکی دیکەش گەیشتووە.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر دەستی کەوتوون؛ بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستیی 90 کەس تێکچوون و 24ـیان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، بەڵام ئێستا تەندروستیی هەموویان جێگیرە.

شەوی رابردوو 27ـی شوباتی 2024، نزیکەی کاتژمێر 08:00، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام زیانێکی زۆری ماددی بەر دووکاندارەکان کەوتووە.

بەشێک لەو خاوەن دووکانانەی ئەمڕۆ قسەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24 کردووە، ئاماژەیان بەوە کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

باسیان لەوەش کرد، "ئێمە سوپاسی ئاسایش، پۆلیس و تیمەکانی بەگریی شارستانی دەکەین کە تاوەکو بەیانی پاسەوانیان لەو شوێنە گرتووە. سوپاسی سەرۆکی حکومەتیش دەکەین کە بەڵێنی پێداوین قەرەبوومان بکاتەوە".  

لە ساڵی 2018 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 1000 دووکان سووتان. دوای رووداوەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی مودێرن بازاڕەکەی نۆژەنکردەوە.

بازاڕی لەنگە دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی 40 مەتری و 100 مەتری لە شاری هەولێر و زیاتر لە 2400 دووكانی تێدایە.