بەرگری شارستانی هەولێر: لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا

بەرگری شارستانیی هەولێر
بەرگری شارستانیی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە دوای رزگارکردنی هاووڵاتییەک کە لە ماڵەکەی خۆیدا گیری خواردبوو، بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە لەکاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) بەرگری شارستانی هەولێر بڵاویکردەوە: لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوەی ماڵێك لە گەڕەكی زیلانی شاری هەولێر، پاش گەیشتنی تیمەكانی ئاگرکوژێنەوە، ھاووڵاتییەك بەناوی (موقەدەم: فەریدوون سەديق) لە نێو ماڵەكەیدا گیری خواردبوو، دوای دەرھێنانی لەلایەن تیمەكانەوە، رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتییە لە رێگەی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا بەھۆی ھەڵمژینی دووكەڵەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە کە بووە هۆی سووتانی 166 دووکانی بازاڕەکە و زیانگەیاندن بە خاوەن دووکان و کاسبکارانی بازاڕەکە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، جگەلە گەیاندنی زیاتر لە 20 کەس بۆ نەخۆشخانە کە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و چارەسەری پزیشکییان بۆ کرا.