حکومەتی هەرێم قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکاتەوە

بازاری لەنگەی شاری هەولێر
بازاری لەنگەی شاری هەولێر

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئاگرەکەی بازاری لەنگەی شاری هەولێر زیاتر لە 160 دووکان زیانیان بەرکەوتووە و سووتاون، کە دەکاتە 10%ـی بازاڕەکە و، زیاتر لە دوو هەزار دووکانیش سەلامەتن و زیانیان بەرنەکەوتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ئاگرکەوتنەوەکەی چەند ساڵی رابردوو حکوومەت بازاڕەکەی نۆژەنکردەوە و سەقفی بازارەکە و دووکانەکانیشی بەرزکردەوە و کۆنکرێتی کردن.

بەشێک لە دووکاندارانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر بە کوردستان24ـیان راگەیاند، کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی بەخێرایی گەیشتە شوێنەکە و هەموو هەوڵێکیان خۆیان خستەگەڕ بۆ زوو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، سوپاسی بۆ خوا کە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

ئەگەر چی ئاگرەکە گڕوتینێکی بەهێزی هەبوو، بەڵام توانراوە نزیکەی دوو هەزار دووکان لە سووتان بپارێزرێت، تەنیا  زیان بە 10% بازارەکە کەوتووە، چونکە لە رابردوودا بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە حکومەت سەقفی بازاڕەکەی بەرز کردەوە و سەقفی دووکانەکانیشی کۆنکرێت کرد، بازاڕەکەش کراوەتە چەند بەشێک، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەدا زیان بە هەموو بازاڕەکە نەگات.

شەوی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) نزیکی کاتژمێر 20 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 166 دووکان سووتان و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئاگرەکەوتنەوەکە دیارنییە، لەگەڵ دەسپێکی ئاگرکەوتنەوەکەش تیمەکانی بەرگری شارستانی بەخێرایی گەشتنە شوێنی رووداوەکە و لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوون تا ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

لای خۆیەوە سەرۆکوەیزران مەسرور بارزانی، پارێزگاری هەولێر و دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ هۆکارەکانی روودانی ئاگرەکە بکەن، هاوکات دەستخۆشی لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و ئاسایش و هاتووچۆ و تەندروستی و شارەوانی کرد بۆ زوو گەیشتن بە شوێنی رووداوەکە و هەوڵەکانیان لە پێناو کۆنترۆڵکردنە ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی حکومەتیشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد کە هەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە ئەنجامی بدەن.