نازم زه‌هاوی بۆ كوردستان24: سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بلینكن له‌م كات و ساته‌ زۆر گرنگه‌

نازم زه‌هاوی قسه‌ بۆ كوردستان24 ده‌كات
نازم زه‌هاوی قسه‌ بۆ كوردستان24 ده‌كات

K24 – لەندەن:

په‌رله‌مانتارێكی به‌ریتانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌م كات و ساته‌دا زۆر گرنگه‌.

له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ دلۆڤان عیماده‌ددین په‌یامنێری كوردستان24  له‌ له‌نده‌ن، نازم زه‌هاوی په‌رله‌مانتاری به‌ریتانیا رایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشوازی و پشتیوانی لەو پێکهاتانە کردووە لە کوردستان دەژین، بڕوام وایە، بڕیار دژی پێكهاته‌كان  ئەو شەڕە سەختەی بۆ ئازادی کراوە دەخاتە مەترسییەوە، کورد و ئەو پێکهاتانەی لە عێراقن لە کاتی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا پێویستییان بە پشتیوانی و نوێنەرایەتی زیاتر هەیە نەک کەمکردنەوە.

زه‌هاوی راشیگه‌یاند، پێکهاتەکان پێویستییان بە نوێنەرایەتی زیاترە نەوه‌ک کەمکردنەوەی.

گوتیشی: "سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ واشنتن و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌م كات و ساته‌دا زۆر گرنگه‌".

ده‌شڵێت: "بینیمان سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن لە واشنتن کۆبووەوە. دووپاتکردنەوە و پابەندبوون بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرنگ بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری بەریتانیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، جارێکی دیکە دووپاتی دەکاتەوە چەندە گرینگە کوردستان بە پارێزراوی و بەرگریلێکراو بمێنێتەوە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌كۆی  جیهانییه‌كان گرنگه‌.

نازم زه‌هاوی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "خەڵکی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش له‌ بەرەی پێشەوەی مرۆڤایەتی و تەواوی جیهاندا بوون. ئاشكراشیكرد: "هەڕەشەی داعش تەواو نەبووە، تەنیا گۆڕاوە".

تایبه‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر، زه‌هاوی ده‌ڵێت: "پێویستە هێرشە نایاساییەکانی سەر کورد و کوردستان سەرکۆنە بکرێن، ئەوە باشە كه‌ بینیمان محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشه‌كانی بۆسه‌ر كورد و كوردستان کردووە".