ئاواره عێراقییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دژی بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی سه‌رپه‌رشتیكردنی ناڕه‌زایه‌تی ئاواره عێراقییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دژ به بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق بۆ داخستنی سه‌رجه‌م قوتابخانه حكومییه‌كانی عێراق كه له هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تكراون به ئاواره‌كانی ناوچه جیاجیاكانی عێراق داوای گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی له خانه‌واده‌ی قوتابیان ده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشانكراوه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی گردبوونه‌وه‌كه.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 28ـی شوباتی 2024) ئه‌نجوومه‌نی سه‌رپه‌رشتیكردنی ناڕه‌زایه‌تی ئاواره‌كان "ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان" راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا رایگه‌یاندووه، له‌پێناو پاراستنی ئایینده‌ی رۆڵه‌كانیان له بواری خوێندن و په‌روه‌رده‌دا بڕیاریان داوه كاتژمێر 11ـی پێشنیوه‌ڕۆ تاوه‌كو 1ـی دوای نیوه‌ڕۆی سبه‌ی پێنجشه‌ممه 29ـی شوبات، له به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عه‌نكاوه گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌نجام بده‌ن دژی داخستنی سه‌رجه‌م قوتابخانه حكومییه‌كانی عێراق كه له هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تكراون به ئاواره‌كانی ناوچه جیاجیاكانی عێراق و به‌پێی بڕیاره‌كه ده‌بێت تاوه‌كو 30ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵ سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابخانانه دابخرێن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه داوا له دایك و باوك و سه‌رپه‌رشتیارانی قوتابیانی ئه‌و قوتابخانانه له هه‌ر یه‌ك له هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك كراوه په‌رۆشی خۆیان ده‌ربخه‌ن و به‌شداری گردبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كه بكه‌ن.
راگه‌یه‌ندراوه‌كه روونیشیكردووه‌ته‌وه، له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی گردبوونه‌وه‌كه، واژۆی سه‌رجه‌م كادرانی په‌روه‌رده و خانه‌واده‌ی قوتابیان كۆده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیان له‌و رێگه‌یه‌وه بۆ ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رزبكه‌نه‌وه.
راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئه‌وه‌ی به‌بیر سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری په‌روه‌رده و وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق هێنانه‌وه‌ته‌وه كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014ـوه ژماره‌یه‌ك زۆری ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن و شوێنی خۆیان به‌جێهێشتوووه و موڵك و ماڵیان فرۆشتووه و له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن.
حكومه‌تی عێراق له 13ـی ئه‌م مانگه بڕیاری دا‌و به داخستنی سه‌رجه‌م قوتابخانه حكومییه‌كانی عێراق كه له هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تكراون به ئاواره عێراقییه‌كانی ناوچه جیاجیاكان و به‌پێی بڕیاره‌كه ده‌بێت تاوه‌كو 30ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵ سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابخانانه دابخرێن.
ئه‌م بڕیاره ناڕه‌زایه‌تی زیاتر له 150 هه‌زار قوتابی و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری لێ كه‌وتووه و داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن بڕیاره‌كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و داواش له رێكخراوی یونیسێف و رێكخراوه‌كانی دیكه ده‌كه‌ن پشتیوانیان لێ بكه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژی پێنجشه‌ممه 22ـی شوباتی 2024 خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیان له هه‌ولێر ئه‌نجام دا و دژی بڕیاره‌كه وه‌ستانه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه موشتاق سه‌عدی، شێخی عه‌شیره‌تی سه‌واعید رۆژی هه‌ینی 23ـی شوباتی 2024، تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه له كاتی خۆیدا نییه و به پێویستی زانی ئه‌و قوتابخانانه و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی دامه‌زراوه‌كانی عیراق له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بن. جه‌ختیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان نموونه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و ته‌بایی و برایه‌تییه.
شێخی عه‌شیره‌تی سه‌واعید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان نیشتمانی هه‌مووانه و گوزارشت له ئاشتی و به‌یه‌كه‌وه‌یی و برایه‌تی ده‌كات، هه‌موو ئه‌وانه‌ی روو له كوردستان ده‌كه‌ن هه‌ست به ئارامی و سه‌قامگیری ده‌كه‌ن.
موشتاق سه‌عدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئاواره عێراقییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2014ـوه نوێنه‌رایه‌تییان له هه‌رێم هه‌یه بۆ نموونه نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق له هه‌ولێر.
موشتاق ده‌ڵێت، كاتێك وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران باسی داخستنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكومه‌تی عێراق له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، پێویسته ره‌چاوی بارودۆخی ئاواره‌كانی ناو كه‌مپه‌كان و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان بكات، به‌تایبه‌ت كه كه زۆربه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كان دژی داخستنی نوێنه‌رایه‌تی و قوتابخانه‌كانیانن له هه‌رێمی كوردستان و بڕیاره‌كه به سته‌مكارانه ناوده‌به‌ن.