سێناتۆر گراهام: پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز دەکەین

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا

K24- هەولێر

سیناتۆر گراهام لە واشتنتن رایگەیاند، هەمیشە پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز و مافە رەواکانی گەلی کوردستان دەکەم.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر لینزی گراهام، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی سێناتۆر گراهام و ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد، و تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لای خۆیەوە، سێناتۆر گراهام خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ واشنتن نیشان دا، و دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز و داوا و مافە رەواکانی گەلی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێم و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت، هەروەها  شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە پێکهاتوون.