وەزیری پەروەردە: رۆڵی مامۆستایان و شێوازی وانەگوتنەوە لە قوتابخانەکان دەگۆڕین

مامۆستا و ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەی شێخانۆک نوێی ئاکرێ
مامۆستا و ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەی شێخانۆک نوێی ئاکرێ

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە رێگەی ستراتیژێکی راهێنانیی "گرنگەوە"، شێوازی وانەگوتنەوە و رۆڵی مامۆستایان لە قوتابخانەکان دەگۆڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-02-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیوم "تەندروستیی دەروونی" لە زانکۆی سلێمانی، لە گوتارێکدا باسی لە گۆڕینی شێوازی وانەگوتنەوە و رۆڵی مامۆستایان لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن کرد.

وەزیری پەروەردە گوتی، "بۆ ئەمساڵی خوێندن (2023-2024) وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی راهێنانی گرنگی لە قۆناغی بنەڕەتدا خستووەتە کارەوە لەو ناوچانەی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دەستیان بە خوێندن کردووە. ستراتیژییەکە حەوت ساڵییە و تا ساڵی 2030 درێژە دەکێشێت".

ئامانج لەو ستراتیژییە راهێنانەی وەزارەتی پەروەردە؛ وەکو ئەوەی ئالان حەمە سەعید باسی کرد، "گۆڕینی شێوازی وانەگوتنەوە و بەسەنتەرکردنی قوتابییانە. هەروەها گۆڕینی رۆڵی مامۆستایانە لە فێرکارەوە بۆ هاریکاریی فێرکار. ئەرکی سەرەکی مامۆستا ئەوەیە هاریکاری فێرکاربێت نەک تەنها مامۆستای فێرکار بێت".

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، "ئێستا 11 میتۆدی نوێ لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان وانەیان پێ دەگوترێتەوە. بە سەنتەربوونی قوتابییان چەند بنەما و کارامەییەکی گرنگ لای قوتابییان دروست دەکات، لەنێویشیاندا باوەڕ بەخۆبوون، بەشدارییکردن و هەروەها هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کە ئەمە لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی بوونی دەرووندروستییە بۆ قوتابییان".