کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها مووچە نییە

بێجگە لە مووچە، حکومەت دەیان ئەرک و خزمەتگوزاریی دیکەی لە ئەستۆیە
بێجگە لە مووچە، حکومەت دەیان ئەرک و خزمەتگوزاریی دیکەی لە ئەستۆیە

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، هەزاران پڕۆژەی جۆراجۆری خزمەتگوزاری لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێکردووە. 

کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها مووچە نییە. بەڵکوو بێجگە لە مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان ئەرک و خزمەتگوزاریی دیکەی لە ئەستۆیە. ئەنجامنەدان و وەستاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، کارەسات دروست دەکات و ژیان دەوەستێنێت.

ئەگەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە وەکو نموونە وەربگیرێت، لە چوار ساڵی رابردوودا؛ بە گوژمەی زیاتر لە 106 ملیار دینار، هەزار و 790 پڕۆژەی گەورە و بچووک و مامناوەند لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان جێبەجێکراون.

بێجگە لەم پڕۆژانەش، 527 پڕۆژەش بە بودجەی زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار لە هەر چوار سێکتەری شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار تەواو کراون و جێبەجێکراون.

ئەگەر ئەم پڕۆژانە جێبەجێ نەکرێن و بودجەکەیان هەمووی بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەرخانبکرێت، هەزاران کەس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان بێکار دەبن.

سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی کە ڕووبەڕووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوویەوە، بەڵام توانرا لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا لە بواری تەندروستی 83 پڕۆژە جێبەجێ بکرێت و لە کەرتی کارەباشدا 702 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی. لە بواری پەروەردەشدا لە کابینەی نۆیەم 260 پڕۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندنی جێبەجێکراون و زیاتر لە 19 هەزار قوتابی سەرشەقامیش گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن.

بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو؛ کابینەی نۆیەم پلانی تۆکمەی هەبووە و لەو چوارچێوەیەشدا توانی چوار بەنداوی ستراتیژیی بە گوژمەی 243 ملیار دینار دروست بکات و 22 پۆندیش نۆژەن بکاتەوە و 42 پۆندی دیکەش لەبواری جێبەجێکردندنان، ئەمە جگە لەوەی کە 5 ملیار دیناری بۆ ڕێگرییکردن لە دروستبوونەوەی لافاو تەرخان کردووە.

لە بواری ڕێگا و بانیش؛ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 997 پڕۆژە بە گوژمەی 6.636 تریلیۆن دینار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و تا ئێستاش 138 هەزار کرێکار دەستەبەرکراون.

گرنگیدان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان یەکێکی دیکە بووە لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا توانراوە ڕێژەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخان بکات و بەردەوامیش پاڵپشتی دارایی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە.

هەر لەم کابینەیەشدا گرنگییەکی زۆر بە بواری بازرگانی و پیشەسازی دراوە. لەو بارەیەوە مۆڵەت بە 786 کارگەی بازرگانی و پیشەسازی دراوە، کە گوژمەکەیان 1.75 ملیار دۆلار بووە و زیاتر لە 13 هەزار هەلی کاریان بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە. لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی داوە و هەر لەم سێکتەرە 190 پڕۆژەی جیبەجێکردووە، لە سێکتەری گەشتوگوزاریش 63 پڕۆژەی جیبەجێکردووە.

کابینەی نۆیەم ژینگەیەکی گونجاویشی بۆ وەبەرهێنەران ڕەخساندووە و لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا مۆڵەتی کارکردنی بە 277 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە کە سەرمایەکەیان 13.5 ملیار دۆلار بووە.