ئێران مانگێکی دەستکردی لە رووسیاوە هەڵدا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-2-2024، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران راستەوخۆ هەواڵی هەڵدانی مانگی دەستکردی "پارس 1"ـی لە سەکۆی "سۆیوز 2"ـی رووسیەوە پەخش کرد.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران 'ئیرنا' رایگەیاندووە، مانگە دەستکردەکە لە بنکەی فێستۆچنی رووسیاوە، کە نزیکەی 8 هەزار کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە هاوێشتووە.

 عیسا زارع پوور وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێران پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەم مانگە دەستکردە "بە تەواوی لە ناوخۆی وڵاتدا لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی زانیاری لە دامەزراوەی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی ئێران بەرهەم هێنراوە".

 زارع پوور ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئێران 12 مانگی دەستکردی هەڵداوە.

ئێران لە مانگی کانووونی دووەم رایگەیاند، سێ مانگی دەستکردی لە یەک کاتدا رەوانەی ئاسمان کردووە، ئەمەش نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوەی سوپای پاسداران مانگێکی دەستکردی توێژینەوەی رەوانەی ئاسمان کرد.

 حکومەتەکانی رۆژئاوا بە ئەمەریکاشەوە چەندین جار هۆشدارییان داوەتە ئێران لە بەرامبەر ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە رەنگە هەمان تەکنۆلۆژیا بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستیک بەکاربهێنێت، لەوانە ئەو مووشەکانەی کە بۆ هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی داڕێژراون.

 ئێران لە بەرامبەردا جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵی خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی نادات و هەڵدانی مانگی دەستکرد و مووشەک تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی یان بەرگرییە.

ئێران پێشووتر بەوە تۆمەتبار کراوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری بۆ مۆسکۆ دابین کردووە تاوەکو  لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت.

ئەمەریکا لەماوەکانی رابردوودا رایگەیاندووە، بەم زووانە سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت بەهۆی پاڵپشتیکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.