جۆن هانا: کورد هەمیشە هاوپەیمانی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە

جۆن هانا، لێكۆڵەر و شارەزای پرسی كورد
جۆن هانا، لێكۆڵەر و شارەزای پرسی كورد

K24 – هەولێر:

لێكۆڵەر و شارەزایەکی پرسی كورد، رایدەگەیەنێت، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمەریکا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات وەک دۆستێکی دێرینی خۆی، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت کە ئێران لەرێگەوەی بەغداوە بۆی دروست کردووە.

جۆن هانا، لێكۆڵەر و شارەزای پرسی كورد، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کورد هەمیشە هاوپەیمانێکی قارەمان و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە، "لە قۆناغە سەخەتەکاندا ئەمەریکا لەگەڵ کوردەکان شان بە شانی یەکدی شەڕی دژی تیرۆرستانیان کردووە و قەربانیان داوە، بەڵام توانیویانە سەرکەوتوو بن".

ئەو لێکۆڵەر و شارەزایەی پرسی کورد راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان کە ئەمەریکا هاوکاربوو لە دروستکردنی لە ئێستادا لەلایەن عێراقەوە لەژێر هەڕەشەدایە، "هیوادارم سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هۆشداری بداتە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و سێناتۆرە ئەمەریکییەکان بۆ ئەوەی بزاندرێت کە ئێران لە رێگەی بەغداوە چ گوشارێک دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان".

جۆن هانا، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمەریکا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات وەک دۆستێکی دێرینی خۆی، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت کە ئێران لەرێگەوەی بەغداوە بۆی دروست کردووە.

ئەو لێکۆڵەر و شارەزایەی پرسی کورد، لەبارەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان گوتی: پێویستە ئەو پەیوەندییە سەربازییە لە نێوانیاندا بمێنیتەوە و دەبێت هەوڵبدرێت زیاتر پەرەی پێبدرێت، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت بەو چەکانەی کە ئەمەریکا پێی دەدات بەرگری لەخۆی بکات دژی میلیشیاکانی ئێران.

جۆن هانا، باسی لەوەکرد، مانەوەی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ ئەمەریکا گرنگە، هاوکات روونیکردەوە، ئەمەریکییەکان هاوسۆزن لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان چونکە دەزانن کورد چەندە هاوکاری ئەوانی کردووە و، چەندە قوربانی داوە.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.