عه‌لا نشوع: حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتێکی میانڕەو و نموونەییە

عەلا نشوع، پسپۆڕی ستراتیژی
عەلا نشوع، پسپۆڕی ستراتیژی

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی ستراتیژی، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن ئەنجامی زۆر گەورە و باشی دەبێت.

عه‌لا نشوع، پسپۆڕی ستراتیژی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن سەردانێکی سەرکەوتوو بوو، راستییەکی ئەم سەردانە لە چوارچێوەی چەندین ئالنگاری هاتووە کە ئێستا لەبەردەم عێراق و هەرێمی کوردستانە.

ئەو پسپۆڕە ستراتیژییە ئاماژەی بەوەدا، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زۆر گەورە و باشی دەبێت، ئەو ئەنجامانەش بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت، بە دیاریکراوی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوکاری ئەمەریکا هەیە.

عەلا نەشوع بە گرنگییەوە باسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی حکومەتێکی میانڕەو و نموونەیی بێت. گوتیشی: ئەمەریکا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.