سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان: وەرن وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزاردا بکەن

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

لە درێژەی سەردانەکەی بۆ واشنتن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکا دیدارێکی لەگەڵ خاوەنکار و بەڕێوەبەری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کرد.

رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا ئەمەریکی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، چاوم لەوەیە زۆربەتان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەمەوێت بۆ دووەم گەڕی لە کێڵگەوە بۆ سفرەی نان خواردن بانگهێشتان بکەم و زۆر کۆمپانیا بێن وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "کوردستان شوێنێکی ناوازە بووە بۆ وەبەرهێنان بەڵام شوێنێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی کە دوژمنی هاوبەش و ئاڵنگاریمان زۆرە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەمڕۆ لێرەم ئەوەیە، کوردستان بە پشتیوانی و یارمەتی ئێوە بە سەلامەتی و بەهێز بمێنێتەوە، بەیەکەوە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کوردستان ئاییندەیەکی پرشنگداری دەبێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: ئێستا چاومان لەوەیە چۆن وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ و پیشەسازییەکان و گەشتوگوزار بکەین و ببینین تا کۆمپانیای دیکە ئەمەریکی بێن سەیری دەرفەتەکان بکەن. ئێمە ئینڤێست کوردستانمان هەیە و دەستە و یاسای دۆستانەمان هەیە و وەبەرهێنەرە بیانییەکان بانگهێشت دەکات بێن و سەیری هەزاران دەرفەت بکەن کە لەوێدا هەن.

دەقی وتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ژووری بازرگانی ئەمەریکا

جێگەی شانازییە جارێکی دیکە لەگەڵتانم ئەمشەو زۆر خۆشحاڵم دەگەڕێمەوە بۆ واشنتن. لە کاپیتەڵ هیڵ و کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری کۆبوونەوەی زۆر باشمان هەبووە و ئەمشەو زۆر هاوڕێ و دۆستی خۆمم بینیەوە، ئەمە نیشاندەری دۆستایەتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە.

سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم، زۆر سوپاسی هەموو ئەو کۆمپانیایانە دەکەم کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە و ئەوانەی کە نیازیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەدوای دەرفەتەکان دەگەڕێن، دەمەوێت سوپاسی ژووری بازرگانی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی بازرگانی عێراق بکەم بۆ ئەوەی ئەمشەو ئەم بۆنەیەیان رێکخستووە.

دەمەوێت هەندێک لەو دەرفەتانەتان بۆ باس بکەم کە لە هەرێمی کوردستان هەیە. چاوم لەوەیە زۆربەتان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەمەوێت بۆ دووەم گەڕی لە کێڵگەوە بۆ سفرەی نان خواردن بانگهێشتان بکەم و زۆر کۆمپانیا بێن وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بکەن، کابینەکەم هەوڵیداوە ئابوورییەکەمان لە چەندین بوار فرەچەشن بکات، نەک تەنیا لە کەرتی وزە کە دەزانم کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی وەک ئێچ کەی ئێن و هەنی وێڵ وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سوپاسی ئەو دۆستایەتییە و هاوبەشی بەردەوام دەکەین کە لەگەڵ ئێمە هەیانە، لە کاتە سەختەکاندا مانەوە و ئەمەش واتایەکی زۆری هەیە.

جارێکی دیکە دەمەوێت سوپاسی دۆستایەتییەکەیان بکەم لە ماوەی چەندین ساڵدا بووە، ئێستا چاومان لەوەیە چۆن وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ و پیشەسازییەکان و گەشتوگوزار بکەین و ببینین تا کۆمپانیای دیکە ئەمەریکی بێن سەیری دەرفەتەکان بکەن. ئێمە ئینڤێست کوردستانمان هەیە و دەستە و یاسای دۆستانەمان هەیە و وەبەرهێنەرە بیانییەکان بانگهێشت دەکات بێن و سەیری هەزاران دەرفەت بکەن کە لەوێدا هەن.

بۆیە وەرن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن یان لەڕێگەی وێبسایت و یان پەیوەندی راستەوخۆ لە پەیوەندیدابن لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها سەیری دەرفەتەکانی دیکە بکەن کە لەوێ لە ئارادان.

جارێکی دیکە بۆ پشتیوانییەکانتان زۆر سوپاستان دەکەم و بەناوی شاندەکەم و خۆم و  گەلی کوردەوە، سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەم کە لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانی ئێمەیان کردووە، کوردستان شوێنێکی ناوازە بووە بۆ وەبەرهێنان بەڵام شوێنێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی کە دوژمنی هاوبەش و ئاڵنگاریمان زۆرە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەمڕۆ لێرەم ئەوەیە، کوردستان بە پشتیوانی و یارمەتی ئێوە بە سەلامەتی و بەهێز بمێنێتەوە، بەیەکەوە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کوردستان ئاییندەیەکی پرشنگداری دەبێت، جارێکی دیکە زۆر سوپاس.