ستیڤ لووتس: شانازی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – واشنتن:

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێدەدەن و لە داهاتووشدا شاندی دیکەی بازرگانی ئەمەریکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەمیانەی گوتارێکدا رایگەیاند، شانازی دەکەین کە توانیومانە چەندین شاندی بازرگانی ئەمەریکی رەوانە هەرێمی کوردستان بکەین، کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا، دەڵێت: شانازی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین و هەوڵیش دەدەین لە داهاتوودا زیاتر فروانی بکەین و پەرەی پێبدەین.

ستیڤ لووتس، گوتی: لێرەوە بەڵێن بە سەرۆکوەیزران مەسرور بارزانی دەدەم کە جارێکی دیکە شاندی بازرگانی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی هاوبەشی بازرگانی پەرە پێبدەین بۆ ئەوەی ببێتە پلاتفۆڕمێک بۆ پەیوەندییەکی ئابووری زۆر باش.

پێشتریش جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاندبوو: کە هیوادارە بتوانن پێکەوە پلاتفۆڕمێکی کارکردن دروستبکەن بە تایبەتی لە بڕاندنی ئینڤێست کوردستان، بۆ ئەوەی بە یەکەوە ببینە هاوبەشێکی سەرەکی و هەوڵبدەن وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن و ببینە فاکتەر و هاندەر بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت لە کوردستان کاربکەن.