سەرۆکی حکومەت له‌ گەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

لەمیانی سەردانەکەی بۆ واشنتن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەلایەن راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکاوە پێشوازی لێکرا و کۆشکی سپی پشتیوانی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپاتکردەوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا کە  سەرۆک جۆ بایدن سڵاو و رێزی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت هەیە و پشتیوانیی کۆشکی سپیشی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپاتکردەوە.

راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا، ستایشیی ئازایەتیی و خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کرد بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسیی پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە رێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پارێزراو بێت و پێشێل نەکرێت.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی  دەستوور و پێکهێنانی  ئەنجوومەنی فیدراڵیی لە عێراق کرد.