سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی له‌گەڵ گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنان کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی لەلایەن گەورە‌ راوێژكارى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنانەوە پێشوازی لێکرا و باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و گرنگیی پێشخستنیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان کرد.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی،  لەگەڵ ئامۆس هۆکستین، گەورە‌ راوێژكارى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرا، بەتایبەتی لە بواری وزە و وەبەرهێناندا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پێشخستنیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.