سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی له‌گەڵ برێت مەکگۆرک کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا‌ ‌لە واشنتن کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵی هەرێم و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی سپی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا‌ ‌کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵی هەرێم و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.