كۆشكی سپی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی و جەیک سۆلیڤانی بڵاوكرده‌وه‌

K24 – هەولێر:

كۆشكی سپی بڵاویكرده‌وه‌، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا جەیک سۆلیڤان، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، کۆبووەوە.

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی و جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، كۆشكی سپی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌: راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مه‌ریكا، بەرێز جەیک سۆلیڤان،  لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێز مەسرور بارزانی، کۆبووەوە.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: سۆلیڤان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوبەشی درێژخایەنی نێوان کوردستان و ئەمه‌ریکا دەربڕی، هاوکات جەختی لەوەش کرد کە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ کوردستانێکی بەهێز و بەتوانا لەڕووی ئابوورییەوە بەردەوام دەبێت، هەر وەک چۆن لە دەستووری عێراقدا ئاماژەش به‌ بوونی هه‌رێمێكی به‌هێز كراوه‌. سۆلیڤان ئاماژە بە رۆڵی دیاری هێزەکانی پێشمەرگە لە شەری دژی تیرۆریستانی داعش دا و جەختی کردە سەر ئەو هاوپەیمانییە مێژووییەی لەنێوان ئەمریکا و پێشمەرگە.

كۆشكی سپی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا روونیكردووه‌ته‌وه‌: سلیڤان هاوخەمی خۆی دەربری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیلی کوردستان کە له‌ شەڕی دژی داعش قوربانی زۆریان داوە و گیانفیداییان کردووە. ئەوەشی دووپاتکردەوە ئەمه‌ریکا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆی.

كۆشكی سپی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و هێزەکانی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی کرد.

هاوکات هه‌روه‌ها سۆلیڤان دووپاتیکردەوه‌، ئەمه‌ریکا پاڵپشتی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، وەک داهاتی بەردەوام و بودجە، رێکخستنەوەی هاوبەشییه‌كان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری، حکومەتداری چاک، و پێشکەوتنی ئابووری لە سەرتانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە ئه‌نجامدا.