پێنتاگۆن ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی و ساشا بەیکەری بڵاوكرده‌وه‌

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ساشا بەیکەر، جێگری وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا بە وەکالەت بۆ سیاسەتی بەرگری و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مەسرور بارزانی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا، کۆلۆنێل دێیڤید هێرندۆن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا، تایبه‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی جێگری وەزیری بەرگریی ئه‌مه‌ریكا بە وەکالەت بۆ سیاسەتی بەرگری و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: رۆژی 29 شوباتی 2024 ساشا بەیکەر، جێگری وەزیری بەرگریی بە وەکالەت بۆ سیاسەتی بەرگری، لەگەڵ رێزدار مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندە یاوەرەکەی لە پێنتاگۆن کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو بەیکەر سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئەمه‌ریکا لە ئوردون، کە تێیدا سێ لە سەربازەکانی سوپای ئەمه‌ریکا گیانیان لە دەستدا. دانی بەوەش دانا، هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و گروپە چەکدارەکانی پاڵپشتیلێکراو لە لایەن ئێران، جیددین.

خاتوو بەیکەر جەختی لەوەش کردەوە، ئەمه‌ریکا پێداگیرە بەو هاوپەیمانێتییەی کە لەگەڵ خەڵکی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە چوارچێوەی عێراقێکی خاوەن سەروەری بپارێزرێت. 

هەردوو لا هەنگاوە گرنگەکانی ئەم دواییەیان سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022 نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، تاووتوێ کرد. ئەوەشیان باسکرد، یەکێتی نێوماڵی کورد خاڵێکی گرنگە و وەک ئامانجێکی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکایە.

خاتوو بەیکەر ستاییشی هاوکارییەکان و هاوبەشێتی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد بۆ شکشتپێهینانی تیرۆریستانی داعش، ئەوەشی راگەیاند، هێشتا فشارەکان بۆ نەهێشتنی یەکجارەکی مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش پێویستە بەردەوام بێت.

سوپاس و پێزانینی خۆیشی دەربری سەبارەت بە بەشداربوونی پێشمەرگە لە گفتوگۆی هاوکاری ئەمنی هاوبەش لە واشنتۆن لە ساڵی 2023 هەروەها سوپاسی نوێنەرایەتی پێشمەرگەی کرد لە کۆبوونەوەکانی ئێستای ئاستی کارکردن بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمریکا-عێراق لە بەغدا. (هه‌روه‌ك پێنتاگۆن ئاماژه‌ی پێداوه‌).