ڕێبازی بارزانی سەبارەت بە كوردبوون و فەلسەفەی یەکبوونی کورد

Kurd24

ئەگەر کوردبوون بریتی بێت لە بەدیهێنانی سروشتی کەسی کوردی و وشەی مرۆڤ پێش وشەی کورد و لەگەڵ وشەی کورد دانرابێ، ئەوا ئەو بنەمایە تەنها بۆ پشتڕاستکردنەوەی یەکگرتوویی بنەڕەتی مرۆڤ و لابردنی هەر پێناسەیەکی ترە، کە لەسەر بنەمای خوێن، ڕەگەز، بنچینەی خێزان و شوێنی لە دایكبوون دانراوە.

زۆرن ئەو کەسانەی، کە لەدەرەوەی کوردستان لە دایکبوون، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە کورد دەزانن. هەیە لە کوردستان لە دایك بووە، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە، پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت و شانازی بە بنچینە نەتەوەییە جیاوازەکەی خۆی دەکات و هەوڵی پاراستنی دەدات.

مرۆڤی کورد بەو ڕاستییە دیاری ناکرێت، کە بە کوردی دەپەیڤێ، چونکە  ئاخافتن بە هەر زمانێ مانای ئەوە نییە، کەسەکە سەر بە نەتەوەی ئەو زمانەیە. مرۆڤی کورد مرۆڤی کولتووری کوردییە (لە ڕووی زمان و هزرەوە).

کورد ئەو کەسەیە، لەناو کولتووری کوردی، لەناو زمان و ئەو توخمە مێژووییە هاوبەشانە دەژی، کە لەسەر خاکی کوردستان بە هاوبەشی لە ڕابووردوو ڕوویان داوە و لە ئایندەشدا دووبارە ڕوودەدەن.

واتە کوردبوون تێکەڵەیەکە لە زمان، لەگەڵ مێژووی هاوبەش، لەسەر زەوییەکی هاوبەش، نەتەوەی ئەمریکاش لە ماوەی پێنج سەدەدا هەر بەو شێوەیە دروست بووە.

ڕوونتر بڵێین، مرۆڤی کورد ئەو کەسەیە، کە لە ڕووی توخمەکانی پێکهێنانییەوە سەر بە نەتەوەی کوردە: زمان/کولتوور و مێژوویەکی هاوبەش و بوونی لەسەر خاکێکی هاوبەش، تەنانەت ئەگەر ئەم مرۆڤە کوردە هەست بە توخمەکانی پێكهێنانی نەتەوەکەشی نەکات.

بە دڵنیاییەوە جیاوازی هەیە لە نێوان کوردبوون و زمانی کوردی، جیاوازی هەیە لە نێوان کوردبوون و ناسیۆنالیزم، لە نێوان کوردبوون و یەکبوونی کورد.

زمانی کوردی زمانی کولتووری کوردییە. هەموو تاکێکی کورد خاوەندی زمانی کوردییە، بەڵام هەموو کوردێ کوردبوونی لا مەبەست نییە.

ئەو کەسەی کوردبوون دەکاتە ڕێباز بۆ ژیانی، زمانی کولتووری کوردی لەگەڵ ناوەڕۆکی شارستانیەتی کوردی و ئینتمای بۆ یەك نەتەوە لەناو دەوڵەتی جیاجیا کۆدەکاتەوە.

نەتەوە دەربڕینێکە، دەرفەت دەدات، پلەی لەمانای کوردبوون کەمتر بێت. بۆ نموونە، "نەتەوەی سوریا" لە بواری ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا ، "نەتەوەی تورکمان و"نەتەوەی بەربەر" لە بواری ڕەگەزیدا.

دەستەواژەی نەتەوە بەهۆی بەکارهێنانی لەلایەن زۆرێ لە بزووتنەوە سیاسییە هاوچەرخەکانەوە شێوێنراوە.

لە کاتێکدا کوردبوون خۆی خۆی پێناسە دەکات، کوردبوون تایبەتمەندی و گشتی پێناسەی نەتەوەیی دەکرێتەوە.

بانگەشەکردن بۆ کوردبوون بانگەشەیەکی ڕۆشنبیری و کولتوورییە. لە کاتێکدا بانگەشەکردن بۆ یەكبوونی کورد بانگەشەیەکی دینامیکی و سیاسییە.

ئینتما بۆ کوردبوون واتە قبووڵکردنی ئەوەی، مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکە، کە پێویستە خۆی بە شێوەیەکی تەواوکاری لە یەکبوونی نێوماڵیدا دەربڕێت.

لە ئێستادا بە هۆی ئەو سیاسەتە حەکیمانەی، کە سەرکردایەتی کوردستان پەیڕەوی دەکات و بە هەبوونی ئەو ڕێبازە دەوڵەمەندەی، کە بارزانی نەمر وەکو پاشخانێکی گەورەی فیکری و فەلسەفی بۆی بەجێهێشتووین، کە تەژییە لە ئاکاری بەرز، کوردبوونێکی شارستانی و هاوچەرخ هاتۆتە ئاراوە، وەکو فەرهەنگ، لە بازنەی فاکتەری هۆز و ڕەگەز و سنوورێکی جوگرافی تەسك دەرباز بووە و خۆی فراوانترکردووە بۆ لەخۆگرتنی هەموو ئەو کەسانەی، کە تێکەڵ بە فەرهەنگی كوردی بوون، بێ ڕەچاوکردنی سەرچاوەی ڕەگەزی و تایفی و ئاینزاییان.

کورد یەك نەتەوەیە، لە چوارچێوەیەکی کولتووری و لەناو دەقی شارستانی و لەناو پێوەرە مێژوویی و جوگرافییەکان (هاوبەشیی فاکتەرەکان، زمان و کولتوور و مێژوو و خاك)دا، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە نەیتوانیوە لە چوارچێوەیەکی سیاسی یەکگرتوو و لەسەر بنەمای کوردبوون کۆبێتەوە.

بۆ گەیشتن بە پرۆژەی کیانی کوردی یەکگرتوو، یان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی کوردی، پێویستە میکانیزمەکانی  قۆناغی داهاتوو دیاری بکرێن. ئەمەش بە ڕەچاوکردنی بنەما دیموکراسییەکان دەبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ، و بە گفتوگۆی ئاشتیانەدەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

لێرەدا سازانی کورد گرینگی خۆی هەیە، نەرمی نواندن بۆ گەیشتن بە کیانێکی دەستوری سیاسی، کە دەربڕی یەکگرتوویی کورد بێت، هونەری سەرکەوتن لەوەدا دەبینرێ.

وەکو فەلسەفە دەکرێ یەکبوونی نیشتمانی ئاماژەیەك بێت بۆ یەکخستن و پێکەوەژیان لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا، کاتێ تاك و کۆمەڵگە هەوڵ دەدەن، بۆ ئەوەی بگەن بە تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و دابەشبوون، هەروەها بۆ ئەوەی لە ژێر یەك ئاڵا بە یەکگرتوویی بمێننەوە.

پێویستە نیشتمان وەکو ڕوح و سییەك تەماشا بکرێ، یان وەکو ئۆرگانێکی گرینگی مانەوە، چونکە نێشتمان دڵنیایی و سەقامگیرییە، ئەو هێزی ڕاکێشانەیە، کە دەمانگرێ و دڵ و مێشکمان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

کوردستان ئەو نیشتمانە ئازیزەیە، کە زۆری پێ بەخشیوین و لە بەرامبەردا داوای زۆرمان لێ دەکات. ئێمە ناتوانین بە شکۆمەندی بژین، ئەگەر کاروبارەکانمان سەقامگیری بەخۆیانەوە نەبینن. نیشتمان پێویستی بە کوردبوون و یەکبوونی کوردە، تا بتوانێ پێشەنگ و بەرامبەر بە هێرش و پیلانی نەیاران پارێزراو بێت. 

کوردبوون ئەو ڕوحەیە، کە لەناو دەروونیدا کەسانی شیاوی وەکو بارزانی نەمر زیندووە و بەردەوام کار بۆ ڕابوون دەکات.

بۆیە بارزانی نەمر دوای نسکۆی کۆماری کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٧ ڕێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەست پێ کرد و ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی شاهنشایی ئێران بکات. مێژوو تۆماری کردووە، چۆن بارزانی و پتر لە ٥٠٠ خەباتکاری کورد و هەڤاڵانی ڕوویان لە یەکێتی سۆڤیەت کرد و لەو ڕێڕۆیشتنەشدا بە دلێری و خۆڕاگرانە ڕووبەڕووی سوپاکانی عێراق و ئێران و تورکیا بوونەوە.

کوردبوون ئەو ڕوحەیە سیاسەت و حوکمڕانی باش زیندوو دەکاتەوە و ئابوری و دادپەروەری و هزر و ئازادی و داهێنان و جوانییەکان دەورووژێنێ.

ڕوحی كوردبوون بریتیە لە کۆمەڵێ بەها و هەست و سەربەخۆبوون، کە پەیوەستە بە سەربەخۆیی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان.

کاتێ کوردبوون و یەکبوونی کورد وون دەبێ، گەل وەکو جەستەیەکی مردووی لێ دێ و دەوڵەت وەکو خانووە چۆڵەکان بێ مانا دەمێنێ.

پێویستە میراتی کوردی قیبلەنومایەك بێت بۆ گەیشتن بە ئاسۆی ئایندە و گەیشتن بە دەستەبەرکردنی خەونی مەزنی کورد، کە دەوڵەتی کوردستانە.