گوتەبێژی پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: پێشمەرگە هاوبەشی سەرەكی ئێمەیە

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن بۆ کوردستان24
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن بۆ کوردستان24

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت، رایگەیاند، کۆبوونەوەکە دەرخەری پابەندی درێژمەودای ئەمەریکایە بۆ بەردەوامیدان بە هاوبەشییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی هەرێمێکی سەقامگیر و ئارام.

رۆژی هەینی (1ـی ئاداری 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "جێگری وەزیری بەرگری بە وەكالەت بۆ سیاسەتی بەرگری خاتوو ساشا بەیكەر لەگەڵ سەرۆكوەزیران كۆبووەتەوە و دەرفەتەێك بووە بۆ جەختكردنەوە لەو پەیوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەی لەنێوان ئەمریكا و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە".

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، پات رایدەر ئاشکرای کرد: "یەكێك لەو بابەتە گرنگانەی باسیان كردووە ئەو هەڕەشانەبوون لە ناوچەكەدا هەن لەلایەن میلیشیاكانی سەربە ئێران و داعشەوە دروستبوون. جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریكا، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دڵنیاكردووەتەوە لەوەی ئەمەریكا پابەندە بە لەناوبردنی تەواوەتی داعش".

هەروەها سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا: "لە کۆبوونەوەکە باسیان لەوەشكردووە، ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە عێراق زۆر لە نزیكەوە كاردەكات لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراقیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە. وەك دەزانن ئێستا كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق بەردەوامن. لەو كۆبوونەوانە باس لە قۆناغی گواستنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی لەبواری ئاسایش بۆ ماوەیەكی دوور مەودا دەكەن لەنێوان ئەمەریكا و عێراق."


پات رایدەر ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشمەرگە هاوبەشی سەرەكی ئێمەیە، كاتێك دێتەسەر بابەتی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە. لەوەش گرنگتر لە كەمپەینی لەناوبردنی تەواوەتی داعش. ئەمەریكا زۆر لەنزیكەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق كاریكردووە لەناویشیاندا هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش".

گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکراشیکرد: "پێشمەرگە هاوكاری لۆجستی پێشكەشكردووە، بۆ نموونە لە گەڕاندنەوەی چەكدارانی بیانی ناو داعش بۆ وڵاتەكانیان. هەروەها هاوكاریكردنی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و عێراق لە چوارچێوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی نێوان ئەمەریكا و عێراق".

پات رایدەر گوتیشی: "نازانم چۆن پێزانینی خۆم دەربڕم و چۆن پەسنی گرنگی هاوبەشی و هەماهەنگیمان بكەم لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان".

لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و بەغدا، گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەکرد: "هاوینی رابردوو ئەمەریكا و عێراق دیالۆگی هاوبەشی هەماهەنگی ئاسایشیان پێكەوە ئەنجامدا، بەدڵنیاییەوە نوێنەری هێزی پێشمەرگەش بەشداربوو، تێیدا ئەم دواییانەش پێشنیازی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراقمان كرد، كە ئەركی هەڵسەنگاندی ئاستی عێراق لە شەڕی رووبەرووبوونەوەی داعش".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیش پات رایدەر دەڵێت: "ئێستا ئێمە زۆر لە نزیكەوە سەرقاڵی گفتوگۆكردنین لەگەڵ عێراق. هەردوولامان پابەندییەكی هاوبەشمان هەیە بۆ لەناوبردنی یەكجاری داعش. بەردەوام دەبین لەوەی لەنزیكەوە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكانمان كاربكەین لەناویشیاندا هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان، بۆئەوەی لەوە دڵنیابینەوە داعش جارێكی دیكە سەرهەڵناداتەوە و ئەوەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئەنجامیدا نایبینینەوە".


رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێنتاگۆن، لەگەڵ ساشا بەیکەر، جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت کۆبووەوە.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: "دۆخی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد. هاوڕابووین لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و تیرۆر بەگشتی".

پێنتاگۆنیش راگەیەندراوی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە هەبووە و تێیدا هاتووە: "هەردوولا هەنگاوە گرنگەکانی ئەم دواییەیان سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022ـی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، تاوتوێ کرد".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە. بەیکەر ستایشی هاوکارییەکان و هاوبەشێتی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد بۆ شکشتپێهینانی تیرۆریستانی داعش، ئەوەشی راگەیاند، هێشتا فشارەکان بۆ نەهێشتنی یەکجارەکی مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش پێویستە بەردەوام بێت.