ماتیۆ زەیس: کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق باشترین شوێنە بۆ وەبەرهێنان

ماتیۆ زەیس، پسپۆڕی وزە
ماتیۆ زەیس، پسپۆڕی وزە

K24 – هەولێر:

دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، پسپۆڕێکی وزە دەڵێت: وەبەرهێنان و دەرفەتەکانی لە هەرێمی کوردستان زۆرن. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریش گوتی: پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکا هەیە.

ماتیۆ زەیس، پسپۆڕی وزە و گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لەمیانەی بەشدارییان لە دیبەیتی کوردستان24 کە حاکم فەرهاد پێشکەشی دەکات، باسیان لە سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا کرد و گوتیان: ئەو سەردانە لەو کاتەدا زۆر گرنگ بوو کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان. هاوکات هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سێکەتەرە جیاوازەکان و ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێم لەو بوارەدا بۆ وەبەرهێنەران، کرد.

لە دەستپێکدا ماتیۆ زەیس، پسپۆڕی وزە رایگەیاند، وەبەرهێنان و دەرەفتەکانی لە هەرێمی کوردستان زۆرن، بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ کە دەرفەتێکی زۆر باش هەیە، دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازن.

هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ وەبەرهێنان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق

ئەو پسۆڕەی وزە هەر لەسەر بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە باسی لە ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سێکتەرە کرد و گوتی: دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زۆرە لە زۆرینەی کەرتەکان، بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ، هەروەها ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو بوارە وای کردووە کە چاوەکانی جیهان لەسەر ئەوەبێت کە بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان ئەنجامبدەن.

هاوکات دەشڵێت: هەرێمی کوردستان دەتوانێت کشتوکاڵی خۆی بە پیشەسازی بکات بۆ ئەوەی ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ ناوخۆی عێراق، هەروەها هەناردەی دەرەوەشی بکات، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی زۆر گرنگە.

ماتیۆ زەیس، باسی لە سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا کرد و ئاماژەی بەوەدا، شاندی حکومەت لە واشنتن ئامانجیانە ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەقامگیرتر بکەن و بۆ ئەوەی سەرنجی زۆرترین کۆمپانیای ئەمەریکا رابکێشن تا روو لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان.

ئەو پسۆڕەی وزە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ وەبەرهێنان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، چونکە هەرێمی کوردستان ئابوورییەکەی هەمەچەشن کراوە و لە سێکتەرە جیاوازەکان دەرفەتی وەبەرهێنان هەیە.

دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە

لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ماتیۆ زەیس، دەڵێت: ئەمەریکا دەتوانێت رۆڵیکی گرنگ بگێڕێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا حکومەتی تورکیا رایگەیاندووە بۆری نەوت ئامادەیە و لارییان نییە لە دەستپێکردنەوەی، ئێستا نۆرەی بەغدایە کە رەزامەندی بدات لەسەر دەستپێکردنەوەی ئەم پرۆسەیە، بەڵام بە نیگەرانییەوە گوتی: روونە هەندێک هێز لە بەغدا نایانەوێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەبکاتەوە، بۆیە دەبێت ئەمەریکا فشار لە بەغدا بکات.

هەر لەم بارەیەوە گوتیشی: هەتاوەکو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە کاریگەریی لەسەر سەقامگیری سیاسی دەبێت لە عێراق، گوشارەکان لەسەر هەرێم هەر بەردەوام دەبن، هەروەها کاریگەری لەسەر نرخی نەوتیش دەبێت لە بازاڕەکانی جیهان.

ماتیۆ زەیس لە روانگەی خۆیەوە باسی لە گرنگی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زۆر گرنگە، هەروەها بۆ ئەمەریکاش زۆر گرنگە.

چاوەڕوانین لە ماوەیەکی نزیکدا وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن

ئەو پسۆڕەی وزە، لە درێژەی قسەکانیدا بە پێویستی زانی باس لە چاکسازی ئابووری بکات، لەمباریەوە ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە چاکسازی ئابووری کردووە بۆ ئەوەی ئابووری خۆی هەمەچەشن بکات. گوتیشی: وەک بینیمان هەرێمی کوردستان هەنار و هەنگوینی هەناردەی دەرەوە کرد، هەروەها کوردستان توانایەکی باش هەیە بۆ ئەوەی ببێتە بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی کشتوکاڵی، ببێتە هەناردەکار نەک هاوردەکار.

لای خۆیەوە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر سەرنجی خۆی لەسەر وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: هەرێمی کوردستان شوێنێکی جوگرافیای گرنگە بۆ وەبەرهێنان، هەروەها بە سەقامگیرییەکەیەوە لە هەموو شارەکانی دیکەی عیراق جیادەکرێتەوە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، باسی لەوەکرد، ئەو دەرفەتانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەبەرهێنان زۆر گرنگن، هەروەها لە چەندین سێکتەری جیاواز دەرفەتی وەبەرهێنان هەیە.

گەیلان حاجی سەعید، هەر لەسەر گرنگی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا گوتی: سەردانێکی زۆر گرنگ بوو، هاوکات چاوەڕوانین لە ماوەیەکی نزیکدا رێژەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە سێکتەرە جیاوازەکان وەبەرهێنان بکەن.

یاساکانی وەبەرهێنان لە کوردستان هاندەرن بۆ وەبەرهێنەران

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دەڵێت: دەبێت ئەمەریکا پشتیوانیکانییان بۆ هەرێمی کوردستان بسەلمێنن، چونکە وەک ئەوەی ئاماژەی پێدەکات، پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوورییان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە بە تایبەتی لەگەڵ ژووری بازرگانییان.

ناوبراو هیواشی خواست، ئەمەریکا ژمارەی کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکات، بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمەکە زیاتر ببووژێتەوە. باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان زۆرترین ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن روو لە هەرێمی کوردستان بکەن و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ببینن و دەست بەکار بن.

گەیلان حاجی سەعید، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، یاساکانی وەبەرهێنان لە کوردستان هاندەرن بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ئەوەیە کە دەرفەتی وەبەرهێنان زۆرن.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، کۆبوونەوەیەکی بۆ پێشوازیکردن لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخست.

لە پێشوازییەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و خاوەنکار و وەبەرهێنەرە دیارەکانی ئەمەریکا و چەندین کەسایه‌تيی رەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەمەریکا بەشداربوون، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی دۆستایەتی و پشتیوانیی ئەمەریکا و کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی کرد بۆ وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستاندا، داواشی لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی کرد کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە نزیکەوە، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ببینن.