کۆنفرانسی رێکخراوی بازرگانی جیهانی بێ ئەنجام کۆتاییهات

13یەمین کۆنفرانسی رێکخراوی بازرگانی جیهانی - ئیمارات
13یەمین کۆنفرانسی رێکخراوی بازرگانی جیهانی - ئیمارات

K24 – هەولێر

13یەمین کۆنفرانسی رێکخراوی بازرگانی جیهانی لە ئیمارات بەهۆی ناکۆکی وڵاتان و رای جیاوازەوە بەبێ گەیشتنە هیچ ئەنجامێک لە بارەی کشتوکاڵ و راوکردنی دەریایی کۆتایی بە چالاکییەکانی ‌هێنرا.

سانی بن ئەحمەد زەیودی، وەزیری کاروبارە بازرگانییە دەرەکییەکانی ئیمارات و سەرۆکی ئەم خولەی رێکخراوی بازرگانی جیهانی رایگەیاند، بەهۆکاری رێکنەکەوتنی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە، 13یەمین کۆنفرانسی رێکخراوی بازرگانی جیهانی کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.

زەیودی ئاماژەیداوە، لە کۆنفرانسەکەدا دواخستنی رەسمی گومرگییە ئەلیکترۆنییەکانیان بۆ دوو ساڵی دیکە درێژکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بۆچوونە جیاوازەکانی پەیوەست بە پشتیوانی حکومەتەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ و راوکردنی دەریایی، لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوین.

13یەمین کۆنفرانسی رێکخراوی بازرگانی حکومەتەکانی جیهان، رۆژی پێنجشەممە (29ی شوباتی 2024) لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات چالاکییەکانی دەستی پێکرد، کە وڵاتی خانەخوێ سەرۆکایەتی ئەم خولەی رێکخراوەکە دەکات، بەڵام بەبێ ئەنجام کۆنفرانسەکە هەڵوەشایەوە.

رێکخراوی بازرگانی جیهانی، رێکخراوێکی حکومەتەکانە بۆ رێکخستن و کارسانی بازرگانی نێودەوڵەتی، دامەزراندنی رێکخراوەکە لە رێککەوتنی ساڵی 1948 ی نێوان وڵاتان سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە سەرەتای 1995 بە فەرمی چالاکییەکانی دەستپێکردووە و یەكێکە لە گەورەترین رێکخراوە جیهانییەکان، کە 164 وڵات لە خۆ دەگرێت و زیاتر لە 98% بازرگانی جیهانیی و داهاتی گشتی ناوخۆیی بازرگانی جیهانی پێکدەهێنێت.