ئەمەریکا: سوود لە ئەزموونمان لە عێراق وەردەگرین بۆ تێکشکاندنی داعش و نیازی کشانەوەمان نییە

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق

K24 - هەولێر

نوێنەری ئەمەریکا لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، "هیچ پلانێکمان نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق" و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هێزەکانیان رۆڵی پاڵپشتیکار لە هێزە عێراقییەکان دەبینن.

ئیان مەککاری، نوێنەری ئەمەریکا لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش رایگەیاند، "هیچ پلانێکمان نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق". وەکو خۆی گوتی، "عێراق دامەزرێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و، ڕۆڵی سەرکردایەتی تێدا دەگێڕێت". جەختیشی لەوە کردەوە، هاوپەیمانییەتەکەیان سوود لە ئەزموونی خۆیان لە عێراق وەردەگرن بۆ بە ئامانجگرتنی داعش لە ناوچەکانی دیکە.

مەککاری ئاماژەی بەوەش داوە، گفتوگۆ دوو قۆڵییەکان بەردەوامن بەمەبەستی دانانی میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنیی نێوان ئەمەریکا و عێراق. دووپاتیشی دەکاتەوە، "دیدگایەکی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە سەبارەت بە هەماهەنگی هاوبەش بۆ درێژەدان بەکاری پێکەوەیی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش".

نوێنەری ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق رۆڵی پاڵپشتیکار دەبینن لە پشتیوانیکردنی هێزە عێراقییەکان، هەر بۆیە هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ رازیکردنی عێراق بەمانەوەی ئەو هێزانە و، درێژەدان بە ئەرکەکانیان".

هەروەها سەبارەت بە هێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران ناوبراو رایگەیاند، هەموو کات لە ئامادەباشیدان  بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک کە لەلایەن میلیشیاکانەوە بکرێتە سەر هێزەکانیان. دەشڵێت: "ئێران رۆڵێکی خراپ لە ناوچەکە دەگێڕێت".

لێدوانی نوێنەری ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 29ـی شوبات لە راگەیەندراوێکدا؛ یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لیژنەی سەربازی پێشکەش کراوە بۆ تەواوکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان و، سێ لیژنە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی تیرۆر، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ژینگەیی، و بژاردەکانی ئێستا و داهاتوو بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێکهێندراوە.