رێبوار بابکەیی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان

رێبوار بابکەیی
رێبوار بابکەیی

K24- هەولێر

بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران رایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.

رێبوار بابکەیی، پسپۆڕی پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە ئەوەش زۆر گرنگە.

بابکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەو سەردانە، فراوانکردنی چەند بوارێکی دیاریکراو بوو بۆ چەند بوارێکی ستراتیژی لە نێوان هەردوولا، بۆیە دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت، تێگەیشتنێکی دیکە لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکا دروست بووە لەسەر هەندێک بابەت، لەوانە بابەتی وزە، هەروەها بوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و خاوەن مافی دەستووری، بۆیە جەختکردنەوەی پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ قەوارەی هەرێم خاڵێکی زۆر گرنگە.

بەرپرسەکەی لقی 10ـی پارتی دەشڵێت: سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردەمێکی تازەی لە تێکەڵ بوونی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دروستکرد، وە ئەو تێکەڵکردنە بەتەواوی لە هەندێک بواری تەکنیکی و هەندێک بواری بچوک برایە قۆناغی ستراتیژی.

بابکەیی راشیگەیاند، ئێمە نابێت لەبیر بکەین پێشی ئەو سەردانە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا تەنیا لە بابەتی قوربانی بوو، بەڵام دوای سەردانەکە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە میدیاکانی جیهانی گوت: ئێمە سێ هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، کە یەکێکیان هاوبەشی مێژوییە، هەروەها هاوبەشی بەهای هاوبەشییەکانە، هاوبەشیەکێکی دیکە بابەتی قوربانیدانەکانە. بۆیە مانای بەهای هاوبەشی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمەڵگایەکە کە هیچ ئایدۆلۆژیایەی سیاسی و مەزهەبی پیوە دیار نییە.