سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەنگۆی پێدانی پارچەیەکی سەوزایی بە هاووڵاتییەک رەتدەکاتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەنگۆی پێدانی پارچەیەکی سەوزایی بە هاووڵاتییەک رەتدەکاتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، "سەر لەبەری ئەم هەواڵ و زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە".
ئەمڕۆ شەممە، 02-03-2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پێدانی پارچەیەکی سەوزایی لەلایەن شارەوانییەتەکەیانەوە بە هاووڵاتییەک بڵاوکردەوە.
دهقی روونكردنهوهكهی سهرۆكایهتی شارهوانی ههولێر:
دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێزێک گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوكراوەتەوە و تیایدا ئیدیعای ئەوە دەکات کەوا سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پارچە زەوییەکی سەوزایی دابەشکردووە. لێرەوە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایدەگەیەنین سەر لەبەری ئەم هەواڵ و زانیاریانە دوورن لە ڕاستیەوە و هیچ بنەمایەکی نییە.
ئەو زەویەی ئەو بەڕێزە باسی دەکات زەوییەکی نیشتەجێی هاووڵاتیان بووە و لەناو بلۆکێکی نیشتەجێ و وێنەی تۆماریان (واتە تاپۆیان)بەناوی هاووڵاتییان خۆیان بووە، بەڵام لەلایەن هاووڵاتییانی دەوروبەری زێدەڕۆیی کرابووە سەر و دار و باخچەیان لەسەر دروست کردبوو، دواتر ئەو کەیسە بەپێی یاسا بردرایە دادگا و دادگاش مافی بۆ خاوەن ماف گەڕاندەوە.
بۆیە هەموو ئەو زانیارییە نادروستانە ڕەتدەکەینەوە و پێویست بوو ئەو بەڕێزە وردتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە کردبا و بۆ زانینی ڕاستییەکان پەیوەندی بە بەشی یاسایی و موڵکایەتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کردبا بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی پێویستی بۆ کرابا. هەروەها ئەم بابەتانە پێویستە بە بەڵگە و دیکیۆمێنت پشتڕاست بکرێنەوە، نەوەک تەنها بە قسە.
لێرەوە هاوڵاتیانی خۆشەویستی پایتەختی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بەپێێ پلان کارمان لەسەر زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی کردووە و لە ڕۆژانی داهاتووش پڕۆژەی دیکە ڕادەگەیەنین و بەردەوامین لە خزمەتکردنی خەڵک و پرۆسەی ئاوەدانیش لە شەکرە شار و بۆ دانیشتوانە بەڕێزەکەی درێژەی دەبێت و ناوەستێت.