سەباح سوبحی: عێراق مانگانە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار لە هەناردە نەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان دەکات

K24 - هەولێر

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو کێشە و گرفتانەی کە تا ئێستا ماوەتەوە لەسەر هەنادەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تایبەتە بە کۆمپانیاکان.

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بابەتەی کە لە 25ـی 3ـی 2023ەوە تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.

سوبحی دەشڵێت: کێشە و گرفتەکان کە تا ئێستا لەسەر هەنادەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە تایبەتە بە کۆمپانیاکان، ئەوەش دەبێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە لەو بڕگەیەی بۆ تێچووی نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، کە دەبێت زیاد بکرێت لە 6.8 دۆلار بکرێتە سەرووی 20 دۆلار، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانین قەرەبووی ئەو کۆمپانیایانە بکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی یەکلایکراوەتەوە ئەوەیە کە تێچووەکەی زیاد بکرێت، بەڵام من کاتێک لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دانیشتم باسی لەوە کرد، ئەو گرێبەستانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە جیاوازە لەو گرێبەستانەی لە عێراق هەیە، بۆیە دەبێت ئێمە یەکگرتنێک لەنێوان ئەو گرێبەستانە بکەین، تاوەکو لەگەڵ یاساکانی ناوخۆیی بگونجێت.

راشیگەیاند، ئەو قسانەش زیاتر بیانووە، بیانووەکەش لە چوارچێوەی سیاسییە، بۆیە هەوڵدەدەن ئەو سامانەی لەژێر زەوییە زیانی پێبگات، لەبەر ئەوە عێراق مانگانە 960 ملیۆن دۆلار لە هەناردە نەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان دەکات، کە تاێستا دەکاتە نزیکەی 12 ملیار دۆلار.