رێباز حەملان: سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا پەیامێکی گرنگە بۆ عێراق

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت؛ سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا سەردانێکی ئاسایی نەبوو بەڵکو سەردانێکی گرنگ و کاریگەر بوو، لەسەروو پڕۆتۆکڵییەوە بوو، رێباز حەملان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی: سبەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و داتای تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنێرێت.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، سەردانێکی گرنگ و دیپلۆماسییەت و کاریگەر بوو لەم کاتەدا، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان گەمارۆیەکی ئابووری و سیاسی دراوە لەلایەن بەغدا و هەندێک وڵاتی دراوسی و هەندێک لایەنەی ناوخۆش کە هاوکاریانن.

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راشیگەیاند، لەسەر ئاستی کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرا، چەندین دیداری گرنگی لە کۆشکی سپی ئەنجامداوە، کە گفتۆگۆیان کردووە لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.

رێباز حەملان، ئاماژەی بەوەدا، "ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سەردانێکی زۆر کاریگەر بوو، لە سەروو پڕۆتۆکۆڵییەوە ئەنجامدرا، بڕیارە لە مانگی چواری ئەمساڵ سوودانی سەردانی ئەمەریکا بکات، بەڵام سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشخرا، کە پێشخرا پەیامێکی گرنگە بۆ عێراق بۆ ناوچەکە و بۆ وڵاتانی دراوسێ کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە".

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: ئەمەریکا باش پێگەی هەرێمی کوردستان و هێزی هەرێمی کوردستان دەزانێت، بە هەرێمێکی بەهێز ناوی دەبات، دەزانێت ئەگەر ئەم هەرێمە لاواز بێت کاریگەری لەسەر هاوبەشەکان و هاوکارەکانی دەکات لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا.

رێباز حەملان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان پێنتاگۆن لێی بێدەنگ نابێت، هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ئالنگارییەکان خۆڕاگرن.

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا لەسەر ئاستی سەربازی، گوتی: ئەمەریکا پێشنیازی ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەو گفتوگۆ سەربازییەی نێوان ئەمەریکا و عێراق، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەبارەی پرسی بودجە و مووچە رێباز حەملان، رایگەیاند، بەغدا نییەتی نییە هەرێمی کوردستان بمێنێت، هەروەها نییەتی نییە مووچەی بۆ بنێرێت و هەر رۆژە و بیانوێک بەو هەرێمە دەگرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، سبەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و داتای تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنێرێت.

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: دیوانی چاودێری فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ماوەی شەش مانگە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەموویان خرواتە بەر دەست، بەڵام هەر رۆژە و بیانوێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی مووچە دوابخەن.

سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی رێباز حەملان، ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق دەمێکە بڕیاری لێداوە کە هەمواربکرێتەوە، بەڵام لایەنە شیعە باڵادەستەکانی عێراق لە دەرەوەی حکومەت و پەرلەمان بڕیار دەدەن و، تا ئێستا پڕۆسەکەیان دواخستووە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، ئەو لایەنانە بەردەوام کێشەی سیاسی و ئیداری دروست دەکەن بۆ ئەوەی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دوابکەوێت.