هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا زیاتر لە دوو هەزار شەهیدی دا

هێزی پێشمەرگە
هێزی پێشمەرگە

K24 – هەولێر:

دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر تێکشکاندنی داعش تا ئێستاش کۆشکی سپی ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگەی لە بیرنەکردووە، پێشمەرگەیەکی برینداری شەری داعش باسی ئەو کاتە دەکات کە لەگەڵ ھێزەکانی ئەمەریکا شەڕیان دژی داعش کردووە و بریندار بووە.

محەممەد مەحموود، پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی شەڕی داعشەوە چاوێکم لەدەستدا و قاچێکم پلاتینە، هەورەها پێویستە هاوپەیمانان بەردەوام بن لە ناردنی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە چەکی پێویستی هەبێت و بەردەوام بێت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان.

لە شەڕی داعشدا ھەرێمی کوردستان لە پێناو جیھان و پاراستنی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ھەزار شەھید و زیاتر لە 10 ھەزار برینداری دا، دوای حەوت ساڵ لە کۆشکی سپی سەرکەوتنی پێشمەرگە بیردەخرێتەوە، ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و سەربازییەوە گرنگە و دەبێتە ھۆی بەردەوامی ھاوکاریەکانی بۆ پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە هاوژین محەممەد، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی گوت: سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن و پشتگیریکردنی بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی بەردەوامی ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.