پێشێلكردنی دەستوور كێشەكانی عێراقی قووڵتر کردووە

پێشێلكردنی دەستوور كێشەكانی عێراقی قووڵتر کردووە
پێشێلكردنی دەستوور كێشەكانی عێراقی قووڵتر کردووە

K24 - هەولێر

زۆر هۆکار کێشەکانی عێراقیان كردووەتە دووهێندە و قەیرانەکانیان قووڵتر کردووتەوە، لە نێویشیاندا، جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی دەقەکانی دەستوور، وەک پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی.

جارێکی دیکە بەرژەوەندی چەند پارت و لایەنێک کارەکانی دەستووری پەکخستووە و ماددەکانی پشتگوێ خستووە. ئەمجارە پەکخستنی یاسای ئەنجوومەنی  فیدڕاڵییە. ئەو ئەنجوومەنەی وەک چاودێران دەڵێن، دەیتوانی زۆربەی ناکۆکییەکان چارەسەر بکات، چونکە دەبووە چاودێر بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان و ئەو کێشانەی چارەسەر دەکرد کە هەندێک لایەن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ دروستی دەکەن.

ماهیر عەبد جەودە، شڕۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "ئەنجوومەنی فیدراڵی کاروباری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ رێکدەخات و زۆرێک لە کێشەکان بە گوێرەی دەستوور چارەسەر دەکات. پەکخستنی ئەو ئەنجوومەنە لە بەژەوەندی عێراقدا نییە، بەداخەوە هەندێک لایەن ئامانج و بەرژەوەندییان لە پەکخستنیدا هەیە، لە کاتێکدا ئەگەر راجیایی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وفیدراڵ هەبێت لەو ئەنجوومەنە چارەسەر دەکرێت".

هەندێک لایەنی دیکە پێیان وایە؛ پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، دەبێتە رێگر لە بەردەم ئەو لایەنانەی دەیانەوێت دەستوور پەکبخەن و تاکڕەوانە بڕیارە پەرلەمانییەکان دەربکەن.

سەلاح بووشی، شڕۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەنجوومەنی فیدڕاڵی ئەنجوومەنێکی گرنگی پڕۆسەی رێکخستنی جموجووڵە دەستووریی و یاسایی دامەزراوەکانە. بۆیە پێموایە دواخستنی ئەم ئەنجوومەنە، بابەتێکی سیاسییە و هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیش هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە نادات".

شارەزایان دەڵێن، بەردەوامیی پەکخستنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی، هۆکارێکی سەرەکی پەرەسەندنی کێشە دامەزراوەییەکانە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ، ئەمە جگە لەوەی رێگەی بە هەندێک لایەن داوە تاکڕەوانە بڕیارەکان دەربکەن و لە بەرژەوەندی کەسەکان دەستوور پشتگوێ بخرێت.