سێ یانەی باکووری کوردستان لە لوتکەن

ئامەد سپۆر
ئامەد سپۆر

لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، سێ یانەی باکووری کوردستان بەهۆی ئەنجامە باشەکانیان لوتکەی خولەکەیان گرتووە و رکابەری گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکان دەکەن.

هەر یەک لە یانەکانی ئامەد سپۆر و ئیدر و ئەرزەنجان سپۆر لە کۆمەڵەی سوور لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، رکابەری گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکان دەکەن. ئامەد سپۆر لە دوایین یاریی خۆی توانی بە ئەنجامی 4-1 لە کارەمان سپۆری رکابەری بباتەوە و پێگەی خۆی لە پێشەنگایەتی خولەکە پاراست.

ئامەد لە کۆی 26 یاریی ئەم وەرزە خاوەنی 56 خاڵە و پێشەنگایەتی کۆمەڵەکەی گرتووە. لەلایەکی دیکەوە ئیدر ئەو یانەیەی باکووری کوردستانیش، خاوەنی 55 خاڵە و بە جیاوازی تەنها یەک خاڵ، پلەی دووەمی کۆمەڵەی سووری گرتووە.

هەر لە کۆمەڵەکە یانەی ئەرزەنجان سپۆر سێیەم نوێنەری باکووری کوردستان لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، ئەو یانەیەش رکابەری گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکان دەکات، ئەو یانەیەش خاوەنی 52 خاڵە و پلەی چوارەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە.

لە کۆمەڵەی سووری خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، یانەیەک راستەوخۆ بۆ خولی یانە پلە یەکەکان سەردەکەوێت، هەروەها چوار یانەش لە قۆناغی پلەی ئۆف رکابەری گەیشتن بە خولەکە دەکەن.