ناكۆكیی سووننەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان زیاتر تەشەنەدەسەنێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ناكۆكیی نێوخۆی سووننەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تادێت زیاتر تەشەنەدەسەنێت؛ پارتی تەقەدووم کۆبوونەوەی لایەنە سووننەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق رەتدەکاتەوە.

فراكسیۆنە سوونییەكان لەوانە، هاوپەیمانیی سیادە، عەزم و حەسم، لە كۆبوونەوەیەكدا لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتوون بۆ ئەوەی داوای دانیشتنێک بکەن تاوەکو سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵببژێردرێت. ھاوكات پارتی تەقەدووم کۆبوونەوەی ئەم لایەنانە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان رەتدەکاتەوە.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە رایگەیاند، "بە بەتاڵی مانەوەی ئەم پۆستە، كێشە و گرفت بۆ پڕۆسەی سیاسی دروست دەکات".

ھاوكات پاتی تەقەدووم کە لە لایەن محەممەد حەلبووسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت؛ راگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەی بەشێك لە لایەنە سووننەکان بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، "سەرسامین بەوەی هاوپەیمانی سیادە، عەزم و حەسم خۆیان بە زۆرینەی سووننە لە پەرلەمان ناساندووە، کەچی سەرباری هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگی پەرلەمانتاران نەیانتوانیوە ببنە زۆرینە".

تەقەدووم كە خۆی بە گەورەترین پارتی سووننە لە پەرلەماندا دەناسێنێت، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بێدەنگ نەبن بەرامبەر "کڕینی و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران لەلایەن خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانەکانییەوە، چونکە زیان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەگەیەنێت".

لە كۆبوونەوەی رۆژی 14ی كانوونی دووەمی ئەمساڵی پەرلەمان، لەنێوان پێنج كاندیدی سووننەكان شەعلان كەریمی سەر بە پارتی تەقەدووم لە پێشەنگدابوو، بەڵام شيعەکان لە دادگەی باڵا تانەیان لە كاندیدكردنی شەعلان کەریم دا. رۆژی 28ی شوبات دادگەی فیدراڵیی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە.

بەپێی پرەنسیپی، سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی کە لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سووننەکانە.