خەمیس خەنجەر: نابێت پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە

K24 – هەولێر:

فراکسیۆنە سوونییەکان داوای دانیشتنێکی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە دەڵێت: نابێت پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان، هاوپەیمانیی سیادە، عەزم و حەسمی وەتەنی، فراکسیۆنە سوونییەکان داوا دەکەن دانیشتنێکی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بکرێت و لەوە زیاتر ئەو پۆستە بە بەتاڵی نەمێنێتەوە.

لەوبارەیەوە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ زۆرێک لە پەرلەمانتارە سووننەکان رێککەوتین بۆ ئەوەی خشتەیەکی کار دابنێین و کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، ئاماژەی بەوەدا، نابێت لەمە زیاتر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بمێنێتەوە، چونکە دەبێتە مایەی کێشە بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق.

گوتیشی: ئێمە بە رۆڵی خۆمان  هەڵدەستین و لایەنە سوونییەکان کۆدەکەینەوە و داوای دانیشتنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکەین و لە رۆژانی داهاتووش دانیشتنەکە ئەنجام دەدرێت.

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نیشاندا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.