هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و شاهانەی ئوردن بە هاوبەشی هاوکاریان گەیاندە دانیشتوانی غەززە

گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی غەززە
گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی غەززە

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن هاوکارییە مرۆییەکانیان گەیاندووەتە دانیشتووانی کەرتی غەززە.

فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە چالاکییە هاوبەشەکەدا بە فڕۆکەی جۆری RJAF C-130 و سەربازانی ئەمەریکی راهێنراو لە سەر گەیاندنی هاوکاریی ئاسمانی بەشداربوون لە هەڵدانەخوارەوەی زیاتر لە 38 هەزار ژەمی خواردن و هاوکارییەکانی دیکەی مرۆیی بە درێژایی کەناراوەکانی غەززە، کە رێگەپێدراوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژەیداوە، لە کاتژمێر سێ تاوەکوو پێنجی ئێوارەی رۆژی شەممە (2ی شوباتی 2024) بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن هاوکارییە مرۆییەکانیان گەیاندووەتە دانیشتوانی غەززە.

سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە، ئۆپراسیۆنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی دانیشتوانی غەززە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە بەردەوام دەبێت و هەوڵیش دەدەن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی وشکانییەوە ناردن و گەیاندنی هاوکارییەکان فراوانتر بکەن.

فلیپ لازارینی، سەرۆکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستنی ناسراو بە ئۆنروا رایگەیاندووە، دواجار 23 مانگی یەکی ئەمساڵ توانیویانە هاوکاری مرۆیی بگەیەننە دانیشتوانی غەززە، بۆیە زیاتر لە مانگێکە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەگەیشتووەتە خەڵکی ئەو کەرتە.

هەروەها هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆییداوە بەهۆی قەیرانی خۆراک و نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی نووسینگەی کاروبارە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە (ئۆچا) ناسراوە، 2.3 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی کەرتی غەززە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، لە نێویاندا، نزیکەی 500 هەزار کەس لەوپەڕی دۆخی برسێتیدان.