وەزیری تەندروستی: بەمزووانە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شێلادزێ دەکرێتەوە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەمزووانە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەی شیلادزێ دەکرێتەوە و شەش هۆڵی نەشتەرگەری تێیدا دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-03-2024، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شێلادزێیی بەسەرکردەوە و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کارەکانی نەخۆشخانەکە گەیشتووەتە قۆناغی دابینکردنی ئامێر و کەرەستە پزیشییەکان بۆی".

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئومێدییان هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵییەکەی شێلادزێ بەرووی نەخۆشەکاندا بکرێتەوە.

سامان بەرزنجی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شیلادزێ شەش هۆڵی نەشتەرگەری تێدایە و لە چوار نهۆم و ژێرزەمینێک پێکهاتووە، بەشێوەیەکی سەردەمیانە بنیاتنراوە".

لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی حکومی نوێ دروستکراون کە بەمەش ژمارەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 45 نەخۆشخانە. لە بواری دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، هاوکات دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بووە، بۆ پێشخستنی سێکتەری تەندروستی، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزرێندراون، بەمەش ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بوو بە 41 کارگە.