عەلا خەتیب: ئامانجی دیداری رافیدەین نزیککردنەوەی دیدگا جیاوازەکانە لەیەکتر

عەلا خەتیب، گوتەبێژی دیداری رافیدەین
عەلا خەتیب، گوتەبێژی دیداری رافیدەین

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی دیداری رافیدەین، رایدەگەیەنێت، لە دیداری رافیدەین چەندین پرسی گرنگ تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکرێت و گرنگترینیان باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت. هاوکات دەڵێت: ئامانجی دیداری رافیدەین نزیککردنەوەی دیدگا جیاوازەکان و لایەنە سیاسییەکانە لەیەکتر.

عەلا خەتیب، گوتەبێژی دیداری رافیدەین، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجی دیداری رایفیدەین بریتیە لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆکردن و گۆرێنەوە بیرۆکە جیاوازەکان، ئەمە ئامانجە سەرەکییەکەیە.

گوتەبێژی دیداری رافیدەین، ئاماژەی بەوەدا، درووشمی سەرەکی دیداری رافیدەین بریتییە "ئاییندەی مرۆڤ، قەیران و گۆڕانکارییەکان"، کە ئەمە زۆر گرنگە باس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، وەک دەزاندرێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئاڵنگاری و قەیرانی گەورەدایە.

عەلا خەتیب، دەڵێت: زیاتر لە هەزار کەسایەتی بەشداری لە دیداری رافیدەین دەکەن کە لە رۆشنبیر، نووسەر، ئەکادیمیست، سیاسی و بڕیاربەدەستانی ناوچەکە پێکدێن، جگە لەوەی هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ 35 ناوەندی توێژێنەوە هەیە.

گوتەبێژی دیداری رافیدەین، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، ئەمڕۆ  محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پانێڵێکی دەبێت لە دیداری رافیدەین، هەروەها ناوبراو دیدگایەکی گۆڕانکاری پێیە، لەمیانی پانێڵەکەدا باس لە دیدگای داهاتووی عێراق بەشێوەیەکی گشتی دەکات، هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.

عەلا خەتیب، گوتی: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئێستادا بە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، سوودانی هەرگیز نەیویستووە ئەو پەیوەندییانە بەو شێوەیە بن، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکان هەماهەنگکارانەبن و هەردوولا هاوکاری یەکدی بکەن.

گوتەبێژی دیداری رافیدەین، باسی لەوەشکرد، دیداری رافیدەین مەبەستێتی دیدگا جیاوازەکان و لایەنە سیاسییەکانە لە یەکدی نزیک بکاتەوە.

عەلا خەتیب، لەبارەی دامەزراوەی میدایی کوردستان24 دەڵێت: کوردستان24 رۆڵێکی زۆر کاریگەری هەیە، یەکێکە لەو کەناڵانەی کە شەقامی عێراقی زۆر گرنگی پێدەدات.

ئەمڕۆ (3ـی ئاداری 2024) دیداری رافیدەین لەژێر درووشمی "ئاییندەی مرۆڤ، قەیران و گۆڕانکارییەکان" دەستپێکرد، هاوکات کوردستان24 سپۆنسەریی میدیایی کۆڕ و دانیشتنەکانی دیدارەکە دەکات.

دیداری رافیدەینی ئەمساڵ 11 پانێڵ لەخۆ دەگرێت، کە زۆرینەی پانێڵەکان بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق، وەزیر، پەرلەمانتار و راوێژکاران بەشداری تێیدا دەکەن، هەروەها دیدارەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ لە  (3 بۆ 5 ئاداری 2024) بەردەوام دەبێت.